قەیرانی کەرتی تەندروستی لە ئێران بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنیێت؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نەک تەنیا ئێران تووشی کەمییەکی بەرچاوی هێزی پەرستاری بووەتەوە، بەڵکوو شەپۆلێکی بەربڵاوی دەست لەکارکێشانەوە و جێهێشتنی ڕیزەکانی کار لەلایەن ئەم توێژەوە سەریهەڵداوە.
ئەم ڕەوشە لەکاتێکدایە کە دابەزینی بێوێنەی بەهای دراو، مووچەی مانگانەی پەرستارانی بۆ نزیکەی ۱۰۰ دۆلار کەمکردووەتەوە و لە بەرانبەر کاتژمێرەکانی کاری زۆر، بەردەوامبوونیانی لەسەر کارەکانیان ئەستەم کردووە.
محەممەد شەریفی موقەددەم، بەرپرسی ماڵی پەرستار، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: "نێونجی مووچەی پەرستاران لە نێوان ۲۵ بۆ ۲۸ میلیۆن تمەنە و پەرستاران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە مانەوەیان لە ماڵەوە بەم مووچەیەوە بەقازانجترە."
ئەم بارودۆخە ئابوورییە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی دیاردەی دەست لەکارکێشانەوە لە سەرتاسەری ئێراندا، بەجۆرێک کە لە ئێستادا ئەو پەرستارانەی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و پەرستارانی خانەنشینکراو گەیشتوونەتە نزیکەی ۷۰ هەزار کەس.
لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەی دەرچووانی بەشی پەرستاری زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە، بەڵام بێهیوایی لە چاکسازیی سیستەم و کەمیی داهات وایکردووە کەمیی پەرستار لە بنکە تەندروستییەکاندا بەردەوام بێت.
نوێنەران و چالاکوانی کەرتی پەرستاری هۆشداری دەدەن کە چۆڵبوونی هێڵی پێشەوەی دەرمان بەهۆی بەردەوامیی دەست لەکارکێشانەوەکان، مەترسییەکی بەپەلە و جیددی دەخاتە سەر ئەمنییەتی تەندروستی و گیانی هاووڵاتییان.