ئاستی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکانی ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە و بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری توندی ئینزیباتی لە دژی خوێندکارانی ناڕازی دەردەچێت.
لە زانکۆی فێردۆسیی مەشھەد، کۆمیتەی ئینزیباتی سزای بەسەر ۱۰ خوێندکاردا بەهۆی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوودا سەپاندووە؛ سزاکان بریتین لە دەرکردنی خوێندکارێک، بێبەشکردنی کاتیی ۸ خوێندکار لە خوێندن بۆ سەرجەم ۱۶ تێرم و سەرکۆنە بە نووسراوە بۆ خوێندکارێکی دیکە.
هاوکات لە زانکۆی خاجەنەسیرەدینی توسی لە تاران، خوێندکاران لە دژایەتیی بڕیارە ئینزیباتییە قورسەکان و سەرکوتی بەردەوام، مانیان گرت و لە کۆلێژی بیرکاری کۆ بووبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیر بڕیاری بێبەشکردن لە خوێندن دەرچووە.
شایانی باسە کە پێشتریش خوێندکارانی زانکۆی تەباتەبایی دژی گرانبوونی تێچووی خوێندن، نالەباریی خزمەتگوزارییەکان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ خۆپیشاندانیان کردبوو.
ئەم پێشهاتانە نیشانەی بەردەوامیی قەیران و شەپۆلی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ئێراندان.