کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکات بێسێنت: ئابووریی ئێران ڕەنگە لە ساڵی داهاتوودا ٢٥ لەسەد بچووک ببێتەوە

08:32 - 10 خەزەڵوەر 2726

سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیریی ئابووریی دژی ڕێژیمی ئێرانی بە «زۆر سەرکەوتوو» وەسف کرد و ڕایگەیاند بڕینی دەستی ئێران لە دۆلار بووەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بودجەی گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە ببڕێت و ئەوەش نیگەرانیی جیددیی بەرپرسانی ڕێژیم و سپای پاسدارانی لێکەوتووەتەوە.

سکات بێسێنت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی «سی‌ئێن‌بی‌سی» سەبارەت بە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران لە چوارچێوەی پلانێکدا کە بە «ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیریی ئابووری» ناسراوە، ڕایگەیاند کە هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکان دەریدەخەن کە ئابووریی ئێران ڕەنگە لە ماوەی یەک ساڵدا هەتا ئاستی ٢٥ لەسەد بچووک ببێتەوە.

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە دەسپێکی وەرزی هاوینەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری بە ئاشکرا نیگەرانیی جیددیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەو وەزیرەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستاش، سپای پاسداران زۆر نیگەرانە و بە ئاشکرا و لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا باس لە داڕمانی ئابووری دەکەن.

بێسێنت هەروەها ڕایگەیاند کە ئێران لە هەوڵی بڕینی یارمەتییە ماڵییەکانی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە لەوانەش حووسییەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان و حەماسدایە.  

حکوومەتی ترەمپ لە مانگەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، پەستانە ئابوورییەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکان و داهاتی نەوتییەکەی بە توندی زیاد کردووە.