کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: لە کۆماری ئیسلامی ڕقم دەبێتەوە، بەڵام داهاتووی ئێران خەڵکەکەی دیاریی دەکەن

08:19 - 18 خەزەڵوەر 2726

ئانتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «دێ ئەسترالین» ڕایگەیاند: «من هەستی ڕق و قێزکردنەوەم بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەڵام ئەوە خەڵکی ئێرانن کە داهاتووی خۆیان دیاری دەکەن».

ئالبانیزی ڕایگەیاند کە پلانی هەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسێ ئان لە مانیل، سەبارەت بە کۆتاییهاتن بە شەڕی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، گفتوگۆ بکات. وتیشی ئەم بابەتە بە ڕوانگەیەکی ڕێزدارانە، دیپلۆماسی و بونیاتنەرانە بەدواداچوونی بۆ دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی میدیاکانی ئوسترالیا، دەسەڵاتی کانبێرا خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ (ئاگربەست)، کۆتاییهاتن بە شەڕ لە ڕێگەی دانوستان و پێشگرتنە لە وەرگرتنی باجە لە کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز.

پێشتریش ئەمریکا، چین، ئوسترالیا و چەندین وڵاتی تر نیگەرانیی خۆیان لە مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی و هێڵە ئاسمانییەکان دەربڕیبوو.

شایانی باسە بەپرسانی باڵای ئوسترالیا لەم ساڵانەی دواییدا، دەیان جار کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردبوو، هەروەها هۆشداریی جیددییان بە بەرپرسانی ڕێژیم دابوو.

لەو پێوەندییەدا، مایک بێرجس، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا ڕایگەیاندبوو کە، لە ساڵی ٢٠١٤وە لانیکەم ٣١ پیلانی گەورەی تێرۆریستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵ کردووەتەوە کە کارەساتبارترینیان کوشتاری مەرگهێنەری جێژنی حەنۆکای جووەکان لە کەناراوی ناوچەی سیدنی بووە کە لە ئاکامدا کەس ١٥ کوژران.