کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤؛ محەممەدمەهدی پارسا بە سێدارە و ٢٠ ساڵ زیندان سزا درا

08:33 - 18 خەزەڵوەر 2726

محەممەدمەهدی پارسا، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ کە لە زیندانی شەیبانی ئەهواز دەسبەسەرە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەم شارەوە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و بۆ تۆمەتەکانی تریش بە کۆی گشتی ٢٠ ساڵ زیندان سزا درا.

بەپێی زانیارییەکانی  هەواڵدەریی هێرانا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئەهواز بە سەرۆکایەتیی ئێحسان ئەدیبی، محەممەد مەهدی پارسای بە سێدارە و کۆی گشتی ٢٠ ساڵ زیندان حوکم درا.

بەپێی حوکمە دەرکراوەکە، پارسا بە تۆمەتی «موحاربە» لە ڕێگەی "بەشداریکردن لە تێکدانی بانکێکی دەوڵەتی" لە ئەهواز، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. هەروەها بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نایاساییەکان بە پشتبەستن بە ڕێساكانی توندکردنەوەی سزاکان، ١٠ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن"یش ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم بەندکراوە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخواز بێبەش بووە.

محەممەد مەهدی پارسا، ٢١ ساڵان و خەڵکی شاری قەلعەتەل لە پارێزگای خووزستانە کە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئەهواز دەسبەسەر کرا.

مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران دەستی پێکرد و دوای دوو ڕۆژ، بازنەکەی لە بازاڕەکان و ناوەندە بازرگانییەکان فراوانتر بوو. بە پەیوەستبوونی خوێندکاران، هاووڵاتییان و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ئەم کۆبوونەوەدانە بوونە یەکێک لە فراوانترین ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ئێران.

لە ڕێوتی سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسەوە، هەزاران کەس کوژران یان بریندار بوون و دەهاتەها کەسیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر یان بانگهێشت کران.