کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕۆبیۆ داواکارییەکانی حکوومەتی ئێرانی بە «قبوڵنەکراو» ناو برد

08:30 - 18 خەزەڵوەر 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران هیچ پێشکەوتنێکیان نەبووە و واشنگتۆن ڕەنگە وڵامی هەڕەشەکان دژی هێزەکانی یان گەشتی دەریایی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بداتەوە. هاوکات باس لە گفتوگۆی نێوان ترامپ و نێتانیاهوو لەبارەی شەڕی دژی ڕێژیمی ئێران کراوە.

ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، پێش ڕۆشتنی بۆ فەرانسە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7)، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە چەند وڵاتێک هێشتا لە پەیوەندیدان لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران و پێشنیار پێشکەش دەکەن، بەڵام دانوستانەکان خەریکە دەگاتە بنبەست.

ناوبراو وتیشی کە دۆناڵد ترامپ، هێشتا چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە و ئەگەر هەلێک بۆ ئەو بڕەخسێت، واشنگتۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

ڕوبیۆ داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە ڕێگرییەکی جیددی لەبەردەم ڕێککەوتن زانی و ڕایگەیاند کە هەندێک لەو داواکارییانە «زێدەڕۆیی، گاڵتەجاڕانە و دوور لە ڕاستین».

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران ڕایگەیاند: «ئەگەر هەڕەشەیەکی ڕوون و دەستبەجێ ڕووبەڕووی گەشتیاری دەریایی یان هێزەکانمان لە ناوچەکەدا ببێتەوە، مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین».

 ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیاری واشنگتۆن بە توندی بەستراوەتەوە بە قەبارەی هەڕەشەکان و کردەوە یان نیازپاکی بۆ کردەوە دژی ئەمریکا.