هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، شەوی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر هەواڵی هێرشی ئەمریکایان بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە دوورگەی قشم بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە دەنگی چوار تەقینەوە لەو دوورگەیەدا بیستراوە. ئەم دەزگایانە ئاماژەیان بە هێرشکردنە سەر بەندەرعباسیش کردووە.
هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری ئەحمەد نەفیسی، جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی پارێزگاری هورمزگانەوە ڕایگەیاند کە بارودۆخی قشم لەژێر کۆنترۆڵدایە و تەواوی دامەزراوە فریاگوزاری و خزمەتگوزارییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان.
هەواڵدەریی فارسیش لە زاری هەمان بەرپرسەوە بڵاوی کردەوە کە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر قشم زیانی بە ژێرخانە هەستیارەکان نەگەیاندووە، چونکە ئامانجەکان لە ناوچە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکانەوە دوور بوون.
لە لایەکی دیکەوە، وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری ئەمنییەتیی پارێزگاری خوزستان، هەواڵی تەقینەوەکانی ماهشەهری ڕەت کردەوە و ئیدیعای کرد کە پچڕانی کارەبا لە کەرتی پیشەسازیی ماهشەهر بەهۆی تەقینی دوو ترانسی کارەباوە بووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری تەقینەوەی ترانسەکان بکات.
تا ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) و بەرپرسانی واشنگتۆن هیچ ڕوونکردنەوە و لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بەم هێرشانەی سەر قشم و رووداوەکانی ماهشەهر بڵاو نەکردووەتەوە.