کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە ناوچەی لاجانی پیرانشار

08:55 - 18 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە زوڵەیخا بایزیدی، ژنە نیشتمانپەروەر و دایکی شەهید خالید ساڵحیان ناسراو بە "ناسر"، خەڵکی ئاوایی گردکسپیان سەر بە ناوچەی لاجانی پیرانشار، بەهۆی پیری و بەساڵاچوییەوە، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە زوڵەیخا، ژنێکی هوشیار، حیزبدۆست و  پێشمەرگەخۆشەویست بووە و لە هیچ خزمەتێک بە تێکۆشەرانی حیزبی درێغی نەکردووە.

 کوڕێکی ناوبراو بە ناوی شەهید خالید ساڵحیان ناسراو بە ناسر، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە ئاوایی گرتکسپیان لەدایک بووە و لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی زمێ لە تێکهەڵچوونێک لە هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەهید بووە و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل بووە.

دایە زوڵەیخا هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە سەربەرزی و ڕووسووری ژیا و هەموو شانازییەکی شەهیدبوونی کوڕێکی لە ڕێگای ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی بوو.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی لاجان و لە ئاوایی گردکسپیان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.