کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی پێشلکارییە مافی مرۆییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستان

13:20 - 18 خەزەڵوەر 2726

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڕیاری دەسبەسەرکران و بێبەشبوون لە چاوپێکەوتنی پێنج هاووڵاتیی سەقزی درێژ کرایەوە و  شاهۆ ئیبراهیمی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بانه گواسترایەوە و زەکەریا بادسار خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی چوار مانگ بەندکرانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، بڕیاری دەسبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی و لە ئەندامانی گرووپەکانی شاخەوانیی "هەڵۆ" و "چیای سەوزی سەقز" بە ناوەکانی سەید محەممەدساڵح حوسێنی، محەممەد حەکیم‌پوور، مستەفا قادری، خالید ڕەحیمی و حوسێن عەبدوڵڵاهی کە لە ئەنجامی دەسبەسەرکرانێکی بەکۆمەڵدا لە سەقز دەسبەسەر کرابوون، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، شاهۆ ئیبراهیمی، خەڵکی سەقز و دانیشتووی بانه، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بانه دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، زەکەریا بادسار، خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی  سزاکانی دادگەی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەم شارە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای چوار مانگ بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی بۆکان گواسترایەوە.