ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات هۆشداری دا کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کارێکی سەختە و دەبێت ناوچەکە خۆی بۆ سەردەمێکی درێژخایەن لە نائارامی و ناسەقامگیری ئامادە بکات.
ئەنوەر قرقاش، ڕۆژی دوشەممە ١٨ی خەزەڵوەر لە کۆڕبەندی "گفتوگۆی ستراتێژیی ئەبووزەبی" ڕایگەیاند کە نابێت چارەسەری یەکجاریی قەیرانەکە یان دروستبوونی دۆخێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا مسۆگەر بزانرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند دانوستانەکان لە لێواری کرانەوەدا نین و داواکارییەکانی تارانی بە "قبووڵنەکراو" ناو برد.
هاوکات دۆناڵد ترامپ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی لە ئەگەریی پێشچوونی دانوستانەکاندا بە زۆر بەدوور زانی، بەڵام جەختی لە ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا و ئامانجگرتنی ٣٨ پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران کردەوە.
هەروەها بڕیارە ترامپ و جەیدی ڤانس لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر وەک نێوبژیوان کۆ ببنەوە.
قەرقاش لە وتارەکەیدا، وەبەرهێنان لە توانای بەرگری، پاراستنی هێزی بەرپەرچدانەوەی متمانەپێکراو و پتەوکردنی هاوبەشییە ئەمنییەتییە نێودەوڵەتییەکانی بە پێویست زانی و جەختی لە گرنگیی هاوکارییە بەرگری و ئەمنییەتییەکانی ئیمارات لەگەڵ واشنگتۆنی کردەوە.
ناوبراو سپاسی فەڕانسە، ئیسرائیل، یوونان، میسر و هیندی کرد بۆ پشتگیری و هاوهەڵوێستییان. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هەندێک لە وڵاتان لە مانگەکانی ڕابردوودا لە بەرگریکردن لە ئیمارات لە بەرانبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشدار بوون.