کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ جارێکی دیکە کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانجی هێرشی تێرۆریستی

13:32 - 18 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە کاتژمێر ١١ـی شەوی ڕابردوو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر.

شەوی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی تەزووی کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا هەبێت و لە زووترین کاتدا بارودۆخی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ئاسایی بێتەوە.

هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی یەکجار گەورە لەنێو کێڵگەکە کەوتووەتەوە و بڵێسەی ئاگرەکە لە زۆربەی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە بینراوە و زیانێکی ماددیی زۆر بەر یەکەکە کەوتووە، بەڵام بە خۆشییەوە پەلامارەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناوچەی قادر کەرەمی سەر بە چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری ٦٧ لەسەدی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە رێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت.

شایانی باسە پێشتریش چەند جارێک هەوڵی تێرۆریستیی دیکەی لەو چەشنە بەرهەمهێنانی سامانە سروشتییەکان و کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دوژمنان و ناحەزانی کوردستانەوە کراونەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێکەوتبووەوە.