بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە وەزارەتی دارایی ئەمریکا داوای لە عێراق کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گۆشەگیرکردنی تاران، جگە لە دوو دەروازە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلجەزیرە" وتی: "دەروازەی سنووریی فەرمی و نافەرمیی زۆر لەگەڵ ئێراندا هەن و بەستنی هەموویان کارێکی سەخت دەبێت و کاریگەری لەسەر ئابووریی ئێمەش دادەنێت. بەڵام ئەمریکاییەکان هێشتا داوای بەستنی دەروازەکان دەکەن و ئێمەش لە ئێستادا لە دانوستانداین لەگەڵیاندا."
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بۆ بەستنی سەربازییانەی ڕێڕەوە زەوینییەکانی تاران کەوتووەتە گەڕ و لە ١٦ی خەزەڵوەردا فەرمانی دامەزراندنی هێزی تایبەتی "دەروازەی ئاسنین"ی (Iron Gate) دەرکردووە.
دەریادار برەد کووپێر ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای سەرکەوتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران دارێژراوە و توانای ئێران بۆ دابینکردنی دارایی تێرۆریزم، نۆژەنکردنەوەی کارگەکانی چاککردنی چەک و بەهێزکردنی سوپاکەی زیاتر سنووردار دەکاتەوە.