کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەمشەهری: کۆماری ئیسلامی پاشەکەوتی پێویستی بۆ دروستکردنی ١٢ بۆمبی ئەتۆمی هەیە

13:52 - 18 خەزەڵوەر 2726

هەواڵدەریی "هەمشەهری ئانلاین" لە وتارێکدا سەرەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئۆرانیۆمی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی "١٠ بۆ ١٢ چەکی ئەتۆمی" لەبەردەست دایە.

ئەم میدیایە هەڕەشەی ئەتۆمیی وەک ئامرازێک بۆ گوشاری دەروونی وەسف کرد و ئیدیعای کرد پانتایی خاک و قوڵایی ژێرخانەکانی ئێران کاریگەریی هێرشی لەو شێوەیە سنووردار دەکەن.

پیشتر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ڕێژەی ٦٠٪ی ڕێژیمی ئێرانی بە ٤٤٠.٩ کیلوگرەم خەمڵاندبوو. بوونی ئەم پاشەکەوتە بە مانای بۆمبی ئامادە نییە و پێویستی بە قۆناغی تەکنیکی هەیە.

لە بەرانبەردا واشنگتۆن ئامانجی هێرشەکانی بۆ سەر فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بە پێشگرتن لە چەکی ئەتۆمی ناودێر کرد. دوای ئەم هێرشانە، دۆناڵد ترامپ و مارکۆ ڕۆبیۆ جەختیان کردەوە توانای ئەتۆمیی تاران تێکشکێنراوە و دەستی ناکەوێت، هەرچەندە ترامپ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی ڕەت کردەوە.

هەروەها، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند ئەرکەکە بەرانبەر تاران هێشتا تەواو نەبووە، تاران هەوڵە ئەتۆمییەکانی دەست پێ دەکاتەوە و دەبێت ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران ببرێتە دەرەوە.

هاوکات یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا هۆشدارییان دا کە تاران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەم لایەنانە جەختیان لەسەر هاوکاریی تەواوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانس، گەڕانەوەی بەپەلەی پشکێنەران، پشکنینی پاشەکەوتەکان و گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە.