کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: ئۆپەراسیۆنی "دەروازەی ئاسنین" دژی ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزوە بەڕێوە دەچێت

13:21 - 18 خەزەڵوەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی تایبەتی "دەروازەی ئاسنین" دژی کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزوە لە جێبەجێکردندایە. ترامپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ئۆپەراسیۆنە، لەگەڵ گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا، بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی هیچ کەلوپەلێک نەچێتە نێو ئێران و نە لێی بێتە دەرەوە.

هاوکات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی‌بی‌ئێس"، سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە مەبەستی نییە شەڕ لەگەڵ ئێران پەرە پێ بدات و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ببات، بەڵام بە توندی لە بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەرگریی کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند ئەگەر جارێکی دیکەش لە پێگەی بڕیارداندا بێت، هەمان بڕیار دەداتەوە، چونکە بە هیچ جۆرێک نابێت ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران بدرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمیی ڕابگات.

ترامپ سەبارەت بە لێدوانەکانی جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆمار کە شەڕی ئێرانی بە هۆکاری شکستخواردنی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەندی ئەمریکا زانیبوو، وتی دژایەتیی لەگەڵ ئەم هەڵسەنگاندنەدا نییە، بەڵام جەختی کردەوە بەهای ئەم بڕیارە مێژووییە لە داهاتوودا دەردەکەوێت.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕاشیگەیاند کە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی بە تەواوی تێکشکاندووە و ماددە ماوەکانیشی لەژێر هەزاران تۆن بەرددا شاردراونەتەوە.

سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆزیش، ترامپ ڕوونی کردەوە کە ڕێڕەوە ئاوییەکە کراوەیە و ئەرتەشی ئەمریکا ئەمنییەتی دەستەبەر کردووە؛ بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو وڵاتانەی ئەمریکا پارێزگارییان لێ دەکات، دەبێت تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ واشنگتۆن بگەڕێننەوە.

لە کۆتاییدا ترامپ بەرگریی لە پشتگیرییەکانی بۆ ئیسرائیل کرد و وتی بەبێ هەنگاوەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل لەسەر نەخشە نەدەما.