ڕۆژنامەی "هائارتس" لە شیکارییەکی تازەیدا نووسیویەتی، تەنانەت لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەگەریی تاران و واشنگتۆن بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان دەتوانێت لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانییەوە گوشارەکانی لەسەر وڵاتانی کەنداو بەردەوام بکات.
تسڤی بارئێل، شیکەرەوەی هائارتس ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتێکدا ترامپ و عێراقچی قسە لە ئامادەیی بۆ دیپلۆماسی و شەڕ دەکەن، وڵاتانی کەنداو تا ئێستاش باجی گرژییەکان دەدەن.
لە کەنداو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکرێنە ئامانج و هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکانی عەرەبستان بەردەوامن. لە لایەکی دیکەوە، هەوڵەکانی عەرەبستان، پاکستان و تورکیە بۆ تێگەیشتن لەگەڵ تاران و بەغدا، ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە.
هائارتس بنبەستی چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی وەک نموونەی سەختیی کۆنترۆڵکردنی هەژموونی تاران هێناوەتەوە؛ سەرەڕای بەڵێنی دەوڵەتی عێراق، هێرش و هەڕەشەی کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپەکانی تر بەرانبەر بڕیارەکانی حکوومەت، پرۆسەکەی ڕاگرتووە.
ئەم گرووپانە جگە لە پشتیوانیی تاران، لە بودجەی بەغداش سوودمەند دەبن و هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان، ئۆردۆن و وڵاتانی کەنداو.
لە کۆتاییدا، شیکەرەوەی هائارتس جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتنی گەرووی هۆرمۆز نابێتە هۆی چەککردنی حیزبوڵڵا یان کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی حووسییەکان لە بابولمەندەب. هێشتنەوەی توانای میلیشیا عێراقییەکان دەرفەت بە تاران دەدات کە دامەزراوە نەوتی و گازییەکان و ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ناوچەکە وەک کارتی گوشار لەژێر مەترسیدا بهێڵێتەوە.