کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی سامانەی عەلاج دژی نەیاران؛ کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ دەکات

13:30 - 18 خەزەڵوەر 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سامانەی "عەلاج"ەوە، هەڕەشەی پێکهێنانی دۆسیەی دادوەری، دەسبەسەرداگرتنی دارایی و بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە کۆنسولییەکانی لەو ئێرانییانە کردووە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیمدا کردووە.

لەم پەیامەدا ئیدیعا کراوە کە تەواوی چالاکییەکانی بەشداربووان لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتیدایە و هەڕەشەکان جگە لە ڕێکخەران، بەشداربووانی نێو کۆبوونەوەکانیش دەگرێتەوە.

هەروەها هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندییە دارایی و بازرگانییەکانیان لەنێو ئێراندا دەستی پێکردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ بنەمایەکی یاسایی یان مافی بەرگریکردن بکەن.

سامانەی "عەلاج" لە خەرمانانی ١٤٠٥ لەلایەن میدیا حکومەتییەکانەوە ناسێنرا و داوای لە بەکارهێنەران دەکرد زانیاری لەسەر نەیارانی دەرەوەی وڵات بنێرن.

ئەو هەڕەشەیە لە کاتێکدایە کە لە بەهاری ئەمساڵدا، دادستانی تاران فەرمانی ڕاگرتنی حیسابی بانکی و دەسبەسەرداگرتنی دارایی زیاتر لە سەد چالاکوان و میدیاکاری دەرەوەی وڵاتی دەرکرد. دواتریش هەواڵدەریی "میزان" ئاشکرای کرد کە ٢٤٠ حاڵەتی دارایی و ١٨٢ حیسابی بانکییان سڕ کردووە.

هاوکات، دادستانی گشتیی ئێران فەرمانی ڕاگرتنی ڕێکخستنی وەکالەتنامەکانی لە سامانەی کۆنسولیی "میخەک"دا دا و سەرۆکی دەسەڵاتی بەناو دادوەریش داوای خێراکردنی سزای زەوتکردنی سەرمایە و سێدارەی بۆ نەیاران کرد.

بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیم بە ڕوونی ئاماژەیان بەوە داوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوانە، دروستکردنی گوشاری ئابوورییە بۆ لاوازکردنی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەکان لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئێراندا.