کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: سپای پاسداران بەرپرسی هێرشە سایبرییەکانی سەر ساردکەرەوە بازرگانییەکانی ئورووپایە

08:07 - 19 خەزەڵوەر 2726

فەرانسە ڕۆژی دووشەممە ۱۸ی خەزەڵوەر، بە فەرمیی سپای پاسدارانی وەک بەرپرسی هێرشە سایبرییە وێرانکەرەکانی مانگی ڕابردوو بۆ سەر ساردکەرەوە و فریزێرە بازرگانییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی و چەندین ناوچەی دیکەی ئورووپا ناساند.

ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ئەم هەوڵەی وەک یەکەم هێرشی سایبێریی گەورە بە مەبەستی تێکدان لە خاکی وڵاتەکەی و دەستدرێژییەکی بێوێنە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی ئورووپایی پێناسە کرد.

لە دوای ئەم ڕووداوەوە، پاریس هاوکات لەگەڵ بانگکردنی باڵیۆزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدات سزای تۆڵەسێنەرەوە لە «ئاستی ئورووپا» دژی تاران بسەپێنێت.

دادگای پاریس بە پشتبەستن بە بەکارهێنانی زمانی فارسی و ناونیشانی ئای‌پی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە، ڕایگەیاند کە یەکەی هێرشبەری ناسراو بە «شەهید کاوە» سەر بە سپای پاسداران دەستی لەم هێرشانەدا هەبووە و فەرمانی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتیی بۆ سەرۆککۆماری ڕێژیم و دوو جێگرەکەی دەرکردووە.

ئەم هێرشە سایبێرییانەی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا سیستەمی ساردکەرەوەی سەدان سوپرمارکێت و ناوەندی بازرگانیی لە سویدەوە تا بێلژیک کردە ئامانج، بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ساردکەرەوەکان تا ٥۰ پلەی سانتیگراد و  ئەمەش زیانێکی زۆری ماددیی بەو وڵاتانە گەیاند.

ئەم هەنگاوە سەڕای تێکچوونی بەرفراوانی خۆراکییەکان، بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک لە فرووشگاکاندا و زیانی قورسی چەندین میلیۆن یۆرۆیی لێکەوتەوە.

 لە گەڕی دووەمی ئەم هێرشانەدا، تەنانەت ئامێرە ساردکەرەوەکانی بانکی خوێنیش لە فەرانسە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم هێرشە سایبێرییەی ڕێژمی کۆماری ئیسلامییەوە.