کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ۱۱ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ئێران و کوردستان

08:24 - 19 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی دووشەممە ۱۸ی خەزەڵوەر، خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارەکانی کرماشان، بیجاڕ، ڕەشت، هەمەدان، تاران، مەشهەد، زەنجان، ئێسفەهان، ئیلام و سنە، لەهەمبەر پێنەدان و دواکەوتنی مووچە، نادادپەروەری و هەڵاواردن کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات، کرێکارانی شیرکەتی "میللیی پیشەسازیی فوولادی ئێران" لە ئەهواز، لە ناڕەزایەتی بە نەدانی مووچەی پاشکەوتوو و دڵنیانەبوون لە دۆخی بەرهەمهێنان، لە حەوشەی کارگەکەدا کۆبوونەوە و پاشان بەرەو گۆڕەپانی بەقایی ڕێپێوانیان کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هێرانا، داواکاریی سەرەکیی خانەنشینکراوان بریتی بوو لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی پەیڕەوی ناوبراو، هاوسەنگکردنەوەی مووچەکان و چارەسەرکردنی قەیرانی بژێوی و دەرمانییەکانیان.

داواکارییەکانی دیکەی خانەنشینکراوان بریتین لە: ڕوونکردنەوەی دۆخی بەڕێوەبردنی نادروست، پاراستنی ئامێرەکان، و باشترکردنی بیمەی تەواوکەر.

لە هەمان ڕۆژدا، خانەنشینکراوانی موخابراتی بیجاڕ بۆ ١٤٥ـەمین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەمەڕ پەیمانشکێنیی بەڕێوەبەرانی شیرکەتی پێوەندیدار و خاوەن پشکە سەرەکییەکان، لەوانەش «ستادی جێبەجێکردنی فەرمانی خومەینی»، «تەعاونی سپا» و شیرکەتی «ئێعتمادی موبین»، دەربڕی و دروشمی جۆراوجۆریان دژی بەرپرسانی ڕێژیم وتەوە.

هەروەها لە کرماشان و سنە لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەیان جار چین و توێژە جیاوازەکان لەمەڕ نادادپەروەری، مافە پیشەییەکان، خزمەتگوزارییە دەرمانی و بیمەییەکان، هەڵاواردن و پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.