ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم باس لە بەردەوامیی هەڵاواردنی قووڵی ڕەگەزی لە بازاڕی کاردا دەکەن؛ ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی ۱۴٠٤دا، ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان تەنیا ۱۳.۴ لەسەد بووە، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان گەیشتووەتە ۶۷.۹ لەسەد؛ واتە جیاوازییەکی گەورەی ٥٤.٤ لەسەدی لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "تجارەت نیووز"، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا (لە ۱۴۰۰ تا ۱۴۰۴)، بەشداریی ئابووریی ژنان هەمیشە لە نێوان ۱۳ تا ۱۴ لەسەددا گیری خواردووە، لە کاتێکدا بۆ پیاوان هەمیشە لە سەرووی ۶۷ لەسەدەوە بووە. شارەزایان دەڵێن کێشەی سەرەکیی تەنیا بێکاری نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆری ژنان بەهۆی ئاستەنگەکانەوە هەر ناچنە ناو بازاڕی کارەوە.
شارەزایانی مافی کار ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕی کار بە شێوازێکی یەکسان دابەش نەکراوە و ژنان ڕووبەڕووی ڕوانگەی ڕەگەزی، جیاکاری لە دامەزراندن، دڵنیانەبوون لە کار، کێشەی مەرەخەسیی دایکایەتی و نەبوونی ئەمنییەتیی ئابووری دەبنەوە.
لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری ژنانی ئێرانی خاوەنی بڕوانامەی باڵا و پسپۆڕین، بەڵام کێشەگەلێک وەک نەبوونی سیستەمی پشتیوانی، نەبوونی باخچەی ساوایان بۆ منداڵان، و کاری بێمووچەی ناوماڵ کە لە ئامارە فەرمییەکاندا ڕەنگ ناداتەوە، وای کردووە کە ژنان زیاتر ڕوو لە کارە نافەرمییەکان و ناوماڵ بکەن کە بێ بیمە و پاڵپشتین.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە، پێویستە یاساکانی دژ بە جیاکاری و پاڵپشتیکردنی دایکانی کارمەند بە کردار جێبەجێ بكرێن.