کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میسر گرووپی ئیخوانولموسلمینی بۆ هەمیشە خستە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە

08:32 - 19 خەزەڵوەر 2726

دەسەڵاتی دادوەریی میسر ڕۆژی دووشەممە ۱۸ی خەزەڵوەر، گرووپی ئیخوانولموسلمین و سێ لە سەرکردەکانی بە شێوەی هەمیشەیی خستە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە و ئەم بڕیارە، سنووردارکردنە یاساییەکان دژی یەکێک لە کۆنترین بزووتنەوە ئیسلامییەکانی جیهانی عەرەب، جێگیر و توندتر دەکات.

بەپێی ئەم بڕیارەی دەسەڵاتی دادوەریی میسر، چالاکییەکانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە قەدەغە دەکرێت، نووسینگەکانی دادەخرێن و سامان و دارایی ئەم گرووپە و ئەو کەسانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ئەم بڕیارەوە، بلۆک دەکرێن.

ئیخوانولموسلمین کە لە ساڵی ۱۳۰۷ی هەتاوی لەلایەن حەسەن بەنناوە لە میسر دامەزرا، بە یەکێک لە کۆنترین و کاریگەرترین بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

حکوومەتی میسر لە ساڵی ۱۳۹۲دا ئەو گرووپەی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندبوو، بەڵام بڕیارە نوێیەکە ئەم دۆخە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی هەمیشەیی.

ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ۱۴۰۴دا لقی میسریی ئیخوانولموسلمینی خستە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە و بە پشتگیریکردن لە گرووپی توندئاژۆی حەماس تۆمەتباری کرد. حەماسیش لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپادایە.