شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زیادبوونی گوشارە دادوەری و ئەمنییەتییەکان بۆ سەر پارێزەرانی سەربەخۆ لە ئێران هۆشدارییان دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم شارەزایانە، لە نێوان سێپتامبری ٢٠٢٥ تا سێپتامبری ٢٠٢٦، لانیکەم ١٣٥ پارێزەر ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن، بانگکردن، بەندکران، یان بێبەشکردن لە مافی کارکردن بوونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە مانگەکانی ژانویە و فێورییەی ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٣ پارێزەر، لەوانە پێنج ژن، دوای خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان دەسبەسەر کراون. وەکوو نموونەیەکیش ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی ئەمیرسالار داوودی کراوە کە پارێزەری مافەکانی مرۆڤە و دوای بەرگری لە دوو بریگرتەکەی لە دادگا، دەسبەسەر کراوە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان کردەوە کە ئەم گوشارانە تەنیا کاریگەرییان لەسەر پارێزەران نییە، بەڵکوو مافی تۆمەتبارانیش بۆ هەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگری لە پارێزەرانی سەربەخۆ دەکەن لە وەرگرتنی دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکان و تۆمەتبارانیش بە زۆر ناچار دەکرێن تەنیا ئەو پارێزەرانە هەڵبژێرن کە لەلایەن دادگاوە دیاری کراون.
سەرەڕای ئەمانە، ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر گوشاری تایبەت بۆ سەر ژنانی پارێزەر بەهۆی حیجابی زۆرەملێوە و هەروەها دەستێوەردانی ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکانی سەندیکای پارێزەران و دروستکردنی دامەزراوەی هاوتەریب لەرێگەی دەسەڵاتی بەناو دادوەرییەوە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە دەستبەجێ ئازاردانی دادوەری و تێکدانی سەربەخۆیی پارێزەران ڕابگرێت. هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک فێدراسیۆنی سەندیکاکانی پارێزەرانی ئورووپاش نیگەرانیی خۆیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە.