بەشی "سەرفیرووزاوای" سەر بە پارێزگای کرماشان، سەرەڕای بوونی توانای سروشتی و دانیشتووانێکی زۆر، بەهۆی کەمتەرخەمی و سیاسەتی پەراوێزخستنی ڕێژیم، ڕووبەڕووی قەیرانی توندی بەرچاو لە کەرتەکانی ئاو، ڕێگاوبان، پەروەردە و کارەبادا بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرفیروزاوا بە ڕووبەری هەزار و ٩٠٠ کیلوومیتری چوارگۆشە و ٢٤٩ گوندەوە، نزیکەی ٣٢ هەزار کەس دانیشتووی هەیە.
لەم ناوچەیەدا زیاتر لە ٦٠ گوند تووشی کێشەی ئاو بوونەتەوە و لە ٤٧ گونددا ئاوگەیاندن تەنیا بە تانکەر دەکرێت، بە شێوەیەک کە لە هەندێک ناوچە نۆرەی ئاوگەیاندن تا ٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت.
لە گوندی "جێران بڵاخ" بەهۆی ڕێگریی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، پڕۆژەی ئاوگەیاندن ڕاگیراوە و لە گوندی "بۆژان"یش ئاوی خواردنەوە بە تەواوی ناتەندروستە.
لە کەرتی ڕێگاوباندا، ٨٥ کیلومەتر لە ڕێگاکانی ناوچەکە قیرتاو نەکراون و جاددەی سەرەکیی "کرماشان" بۆ "هەڵشی" بەهۆی نەمانی ستانداردەکانی ڕێگاوبان و نەبوونی گاردڕێڵ، بووەتە هۆی ڕووداوی دڵتەزێن و گیانلەدەستدانی خەڵکی ناوچەکە.
سەرەڕای ئەوەش، تۆڕی کارەبای ناوچەکە پەکیکەوتووە و لاوازیی ئینتێرنێتیش ڕەوتی ژیانی ڕۆژانە و خوێندنی قووتابیانی پەک خستووە.
کەمبوونی ناوەندی پەروەردەیی لە گوندەکانی سەرفیرووزاوا قوتابییانی ناچار کردووە ڕێگای دووری ٢٥ کیلومەتری ببڕن، ئەمەش بووەتە هۆی وازهێنانی زۆرێک لە قوتابییان لە خوێندن.
بەرپرسان و دێهیارانی ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە چارەسەری ئەم قەیرانانە بەستراوەتەوە بە تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاو، چاککردنی جاددەکان، بەستنەوەی گوندەکان بە تۆڕی گاز و بەرزکردنەوەی ئاستی سەرفیرووزاوا لە "بەش"ەوە بۆ "شارستان" تا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت.