کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران فڕۆکەکانی لە بریتانیا کشاندەوە

13:11 - 19 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەهۆی هەبوونی هەڕەشەی ئەمنییەتی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەشێک لە فڕۆکە سەربازییەکانی لە دووهەمین بنکەی ئاسمانی لە بریتانیا بۆ وڵاتی ئاڵمان و بنکە سەربازییەکانی دیکە گواستووەتەوە.

بەپێی زانیاریی بەرپرسانی فەرمی و داتاکانی ڕێشوێنکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، دوو فڕۆکەی سووتەمەنیبەری ئەمریکایی کە لە بنکەی سەربازیی "میڵدێن هۆڵ"ی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیا جێگیر بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئاڵمان.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا چەندین فڕۆکەی دیکەی سووتەمەنیبەخش لەم بنکەیەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی تر گوازراونەتەوە.

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ئەمریکا خەریکی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەدان تا دیاری بکەن ئایا ئەم هەڕەشەیە جیددی و ڕاستەوخۆیە یان هەڕەشەیەکی گشتییە. تا ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەمباریەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش لە مانگی سێپتامبردا، دەسبەسەرکردنی چەند کەس لە نزیک بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە بریتانیا لە پەیوەندی لەگەڵ سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی، بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی لە جۆری B-1 لەو بنکەیە بکشێنێتەوە.

شارەزایان و چاوەدێرانی سیاسی جەخت دەکەنەوە کە ئەم دەستێوەردان و هەڕەشە ئەمنییەتییانەی ڕێژیمی تاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵگەی ڕوونی بەردەوامیی سیاسەتی تێرۆریستی و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی بۆ ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهانە.