کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس و دۆسییەسازیی دژی هاووڵاتییانی کوردستان لە پەرەسەندایە

08:34 - 10 خەزەڵوەر 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سزای قورسی بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و  بۆکان لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەپاند و هەروەها دوو ژنە چالاکی بواری مافی ژنان و خەڵکی سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی نوێ، دۆسییەسازییان بۆ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، نوورەدین چەلەنگەر، هاووڵاتیی خەڵکی چەرداوڵی سەر بە ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای ساڵێک و ٣ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تەمەنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، میلاد ناسریان هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دەسبەسەرە و هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی  ڕێژیم لەم شارەدا سزای ١١ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هاوکات کامران سوڵتانی، خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای بانگکرانی دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان گواستراوەتەوە.

هەروەها لەیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری سنە، لە کاتێکدا دۆسییەی پێشوویان هێشتا کراوەیە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، بە تۆمەتی نوێ بۆ دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە بانگ کراون.