شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی بەرنامەی «پارێزەرانی مرۆڤایەتی»ی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد. لە بەرنامەکەدا، هەژار برینجی، نوێنەری حیزب لە ئەمریکا، وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لە مافە نەتەوەییەکانی کورد، میراتی پێشمەرگایەتی و پێویستیی پشتیوانی لە بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان کردەوە.
بەرنامەکە ڕۆژی دووشەممە، ٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٦، لە باڵاخانەی ڕەیبۆرنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنگتۆن بەڕێوە چوو. نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا ئەم بۆنەیەی بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگەی کوردستان و سەربازە دێرینەکانی ئەمریکا، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پێزانین لە پشتیوانانی کارە مرۆییەکان ڕێک خستبوو.
برینجی لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی «پێشمەرگەی کوردستان؛ میراتێک لە بوێری، فیداکاری و مرۆڤایەتی»، جەختی کردەوە کە پێشمەرگە تەنیا هێزێکی شەڕکەر نییە، بەڵکوو دەربڕی ئیرادەی نەتەوەیەکە بۆ پاراستنی نیشتمان و داهاتووی نەوەکانی. ئەو میراتی پێشمەرگایەتیی بە هی هەموو کوردستان زانی و وتی: «جوگرافیاکەمان ڕەنگە دابەش کرابێت، بەڵام بەرپرسیارێتیمان بەرانبەر بە یەکتر نابێ دابەش بێت.»
نوێنەری حیزبی دێموکرات بە ئاماژە بە کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هاوخەباتیی پێشەوا قازی محەممەد و مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٤٦، ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورد خستەڕوو. هەروەها، باسی سەرکوتی خەڵکی ڕۆژهەڵات، تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و ڕۆڵی ژنان و لاوانی کوردی لە ڕاپەڕینی «ژن، ژیان، ئازادی»دا کرد.
برینجی، لەگەڵ ڕێزگرتن لە هاوخەباتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمریکاییەکان لە شەڕی داعشدا، جەختی کردەوە کە مافەکانی کورد نابێ بە پێویستییە سەربازییەکانی ئەوانی دیکەوە ببەسترێنەوە. ئەو وتی: «مافەکانی کورد پاداشتی خزمەتی سەربازی نین؛ ئەو مافانە هی گەلەکەمانن، جا جیهان لە بەرەی شەڕدا پێویستی بە ئێمە هەبێت یان نە.»
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپ و ماڵی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی خستە بەرباس. داوای پاراستنی بنەماڵەکان، چارەسەری برینداران و دابینکردنی پەناگە و دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵە ئاوارەکانی کرد و جەختی کردەوە: «منداڵی کورد زیانی لاوەکیی شەڕ نییە؛ کەمپی پەنابەرانیش مەیدانی شەڕ نییە.»
برینجی هاوسۆزیی خۆی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکانی هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە جوانڕۆ و ئیلام دەربڕی و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان پیشان دا. ئەو جەختی کردەوە کە ئازاری هەر بەشێکی کوردستان ئازاری هەموو کوردە و ناکۆکیی سیاسی نابێ ببێتە بەربەست لەبەردەم یارمەتیدان و پاراستنی خەڵک.
نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها پێداگری لەسەر پاراستنی ماف و ئازادیی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان کرد و ڕوو لە دۆستانی ئەمریکایی کورد داوای کرد پشتیوانییان تەنیا بە هاوکاری لە مەیدانی شەڕەوە سنووردار نەکەن، بەڵکوو لە کاتی مەترسی و لێقەومانیشدا لە تەنیشت خەڵکی کوردستان بن.
ئەو لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕایگەیاند، باشترین ڕێزلێنان لە فیداکاریی پێشمەرگە ئەوەیە نەوەی داهاتوو بتوانێت لە کوردستانێکی ئازاد و ئاشتییانەدا بژی، بخوێنێت و ئاواتەکانی بێنێتە دی.