ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زمان سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد کە سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، دوای وەرگرتنی هەڕەشەی جیددی و ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر ژیانی، لە ماڵەکەی خۆیەوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا گوازراوەتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هاتەئاراوە کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی واشنگتۆن گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە پیلانگێڕییە تێرۆریستییەکانی تاران دژی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە.
سکات بێسێنت لە مانگی ئاگۆستەوە ڕێبەرایەتیی کەمپەینی گوشاری ئابووریی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی دەکات، کە ئامانج لێی گۆشەگیرکردنی دارایی ڕێژیمی تارانە لە ڕێگەی توندکردنەوەی گەمارۆکان و گرتنی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی.
سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەر ئەم ڕۆڵە دیارەی بێسێنت لە پەکخستنی ئابووریی ئێراندا، بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بیخاتە سەرەوەی لیستی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە هەوڵی بەئامانجگرتنیان دەدات.
سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکایی ئاماژە بە سنوورداربوونی توانای کردەیی تاران بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان لە نێوخۆی خاکەکەیاندا دەکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە هەڕەشە دیاریکراو و ئامانجدارەکانی ڕێژیم لەوانەش هەوڵی پێشووتری تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ، بە تەواوی جیددی وەردەگیرێن.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە وەزیری خەزێنەداری لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران خۆبەدەستەوە نادات و لەسەر بەردەوامیدان بە کەمپەینی گوشاری ئابووری بۆ لاوازکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی سوورە.