کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان پێویستی بە ٩٠٠ ئوتوبووسە و تەنیا ٩٠ ئوتوبووسی هەیە

13:33 - 20 خەزەڵوەر 2726

لە کاتێکدا شارێکی گەورەی وەک کرماشان بەپێی پێوەره ستانداردەکان و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانەکەی پێویستی بە ۹٠٠ ئوتوبووسی نێوخۆیی هەیە، بەرپرسانی شارەوانی ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا تەنیا ۹٠ ئوتوبووس لە سەرانسەری شارەکەدا کار دەکەن؛ ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بۆ داڕمانی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پشتگوێخستنی بەئەنقەستی ژێرخانی شاری کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوەیە.

غوڵامڕەزا شەهبازی، سەرۆکی ڕێکخراوی گواستنەوەی موسافر لە شارەوانیی کرماشان لە لێدوانێکدا دانی بەوەدا نا کە ئەم ژمارە زۆر کەمەی ئوتوبووس تەنیا توانای خزمەتگوزاریی بۆ نزیکەی ۳٠ گەڕەکی شاری کرماشان هەیە و بەشێکی زۆر لە گەڕەک و شارۆچکەکانی دەوروبەری شارەکە لە خزمەتگوزاریی گواستنەوەی گشتی بێبەش کراون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کۆی ناوگانی گواستنەوە، تەنیا ۵٠ ئامێریان سەر بە کەرتی گشتین و کەمیی ئوتوبووسەکان بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان کاتێکی زۆر لە وێستگەکاندا بۆ هاتنی ئوتوبووسە کۆن و پەککەوتووەکان بە چاوەڕوانی بەسەر ببەن.

ئەم بەرپرسەی شارەوانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان و کڕینی ئوتوبووسی نوێ زۆر بەرزە، بە چەشنێک کە نرخی هەر ئوتوبووسێک گەیشتووەتە نزیکەی ۳٠ میلیارد تمەن؛ ئەمەش لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە بودجەی تەرخانکراو بۆ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا نییە و سێبەری قەیرانی ئابووری و پشتگوێخستنی سیستماتیک گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی کرماشان.