کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نووسینگەی سێناتۆر مارک کێلی لە واشنگتۆن

13:22 - 20 خەزەڵوەر 2726

هەژار برینجی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٦ لە واشنگتۆن لەگەڵ ئەلیسیا مۆرالێس، یاریدەدەری یاسادانان لە نووسینگەی سێناتۆر مارک کێلی، کۆ بووەوە.
لەو دیدارەدا، لایەنەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ئەمریکا، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. هەروەها، لەبارەی خولی داهاتووی کۆنگرەی ئەمریکا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی ماوە، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئەگەرەکانی داهاتووی ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا گفتوگۆ کرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات زانیاریی نوێی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد و جەختی لەسەر زیادبوونی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد کردەوە.
هەروەها، دۆخی ئەمنی و مرۆڤیی بنەماڵە کوردەکانی خۆرهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی گفتوگۆ بوو. لەم پێوەندییەدا، گرنگیی هەوڵدان بۆ زیادکردنی هۆشیاریی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی ئەم بنەماڵانە و ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، خرایە بەر باس.
هەژار برینجی لەو دیدارەدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ بڕیاردەرانی ئەمریکا کردەوە، بۆ ئەوەی دۆخی کوردستانی ئێران، مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کورد و داخوازییە سیاسییەکانیان لە چوارچێوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی ئێران و سەقامگیریی ناوچەکەدا جێگەی خۆیان هەبێت.
ئەم دیدارە دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و بۆچوون سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی کوردستانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.