کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

13:37 - 20 خەزەڵوەر 2726

لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆیەکی بەرفراوانی دەریایی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە و ئامادەکاری بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ وشکانییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکانی دەریای خەزەر دەکات، هەواڵیی جێگیرکردنی هێزی سەربازیی نوێی واشنگتۆن لە ناوچەکەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ چوونی ململانێکان بۆ قۆناغێکی بەرفراوانتر و توندتر.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی “یووئێس‌ئێس تیئۆدۆر ڕووزڤێڵت" کە ناوی فەرماندەیی گرووپی ڕەزمیی ژمارە ٩ی ئەمریکایە، بە پەلە بنکەی دەریایی "چانگی" لە سەنگاپوور بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێ هێشتووە.

سەرچاوە دەریاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ماوەی مانەوەی ئەم کەشتییە لە سەنگاپوور بەشێوەیەکی نائاسایی کورت بووە و لە کاتی تێپەڕینی لە گەرووی مالاکا، سیستەمی دۆزینەوەی خۆکارانەی (AIS) کوژاندووەتەوە و لەگەڵ چەندین کەشتیی جەنگیی مووشەکهاوێژ، بەرەو زەریای هیند و ناوچەکە بەڕێ کەوتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕە سەربازییانەدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی ناوچەکە خوازیاری پاراستنی باری ئێستان و خوازیاری دروستبوونی هیچ ناکۆکی و ئاڵۆزییەکی نوێ ناکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەیەتە ژێر باری ڕێککەوتن، هێرشی داهاتووی واشنگتۆن بۆ سەر تاران پێنج بەرابەر گەورەتر لە هێرشەکانی پێشوو دەبێت.

ئەم جموجۆڵە سەربازییانە لەکاتێکدان کە واشنگتۆن جەختی کردووەتەوە تەنیا بە مۆڵەتی فەرمیی ئەمریکا ڕێگە بە هاتن و چوونی هێندێک لە کەلوپەلەکان بۆ نێو خاکی ئێران یان بەرەو دەرەوە دەدرێت؛ ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تێکشکاندنی ڕێڕەوە ئابووری و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و توندکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران ئەژمار دەکرێت.