دەسپێکی وەرزە ساردەکانی ساڵ و دابەزینی پلەکانی گەرما، لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەیرانێکی دیکەی تووشی قوتابییان و بنەماڵەکانیان کردووە. ساردبوونی پۆلەکانی خوێندن، نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوە یان هەڵنەکردنی سۆبەی نەوتی و گازی، لەگەڵ پچڕان و نەبوونی کارەبا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، لە زۆربەی قوتابخانەکانی شار و گوندەکاندا، قوتابییان لە بارودۆخێکی نەگونجاو و کەشێکی سارددا دەخوێنن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەلایەن قوتابییانەوە کە داوای سەرەتاییترین مافی خۆیان دەکەن، کە دابینکردنی گەرمی و ڕووناکیی پۆلەکانە. لە هەمان کاتدا، کەسوکار و بنەماڵەی قوتابییان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ڕۆڵەکانیان لە ڕەوشێکی وەها نەشیاودا دەخوێنن و ڕووبەڕووی مەترسیی نەخۆشبوون دەبنەوە.
ئەم بارودۆخە سەختەی قوتابخانەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ماددەی ۳۰ لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە "کەرەستەی پەروەردە و خوێندن بۆ هەموو هاووڵاتییان تا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی بەخۆڕایی دابین بکات".
بەڵام لەڕاستیدا بەرپرسانی پەروەردەی ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر و بە ناوی "یارمەتی بۆ قوتابخانە"، پارەیەکی زۆر لە بنەماڵەکان وەردەگرن، بەبێ ئەوەی کەمترین پێداویستیی سەرەتایی وەکوو نەوت، گاز، کارەبا یان سیستەمی گەرمکەرەوەی ناوەندی بۆ پۆلەکان دابین کرابێت.
وەرگرتنی پارە لە خەڵک لەکاتێکدا کە قوتابییان لە پۆلی سارد و تاریکدا دانیشتوون، نیشانەی کەمتەرخەمییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی قوتابییانە. ئەم سیاسەتە نەبوونی کەرەستە و پێداویستی لە کەرتی پەروەردەدا دەردەخات، کە تێیدا باری دارایی خراپکردنی ناوەندەکانی خوێندن خراوەتە سەر شانی بنەماڵەکان، بەبێ ئەوەی تەنانەت ژینگەیەکی گەرم و گونجاویان بۆ دابین بکرێت.