کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وتەبێژی دەوڵەتی ڕێژیم: ئەگەری بڕانی گاز لە سەرانسەری ئێران لە ئارادایە

08:12 - 21 خەزەڵوەر 2726

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە هۆشدارییەکدا ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەردەوامیی بەکارهێنانی زۆری گاز، ئەگەری بڕانی گاز لە سەرانسەری ئێران، تەنانەت لە شاری تارانیش، لە ئارادایە. ناوبراو پێشبینیشی کرد کە ڕێژەی کورتهێنانی گاز لەمساڵدا بگاتە ٤٣٠ میلیۆن میتری سێجا.

موهاجرانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ئاماژەی بەوە دا کە کورتهێنانی گازی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجا بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەگەری هەیە بۆ ٤٣٠ میلیۆن میتری سێجا بەرز ببێتەوە.

هاوکات جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ڕێژیمیش ڕۆژی دووشەممە باسی لە بەرزبوونەوەی کورتهێنانی گاز بۆ ٥٣٠ میلیۆن میتری سێجا کردبوو و بۆ پاساودانی ئەم قەیرانە، ئاستی بەکارهێنانی گازی لە ئێران بە بەکارهێنانی وڵاتێکی یەک میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن کەسیی وەک چین بەراورد کردبوو.

لە لایەکی دیکەوە، حەمید بۆرد، سەرپەرستی وەزارەتی نەوتی ڕێژیم، حەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیس، دانی بە کەمبوونەوەی ٢٥ لەسەدیی توانای بەرهەمهێنانی گازی وڵاتدا نابوو لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.

ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە زیانبەرکەوتنی یەک لەسەر چواری دامەزراوە گازییەکان لە شەڕدا، قەیرانەکانی پێشووی وزەی زۆر قووڵتر کردووەتەوە و بۆ دابینکردنی گازی زستانی ئەمساڵ، پێویستە بەکارهێنان لە بەشەکانی ماڵان و پیشەسازیدا ٢٠ لەسەد کەم بکرێتەوە.

ئەم ئامارە دژبەیەکانەی بەرپرسانی ڕێژیم و داواکارییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان لەلایەن خەڵکەوە، نیشاندەری قووڵایی داڕمانی ژێرخانی وزە و ناکارامەیی تەواوی دەسەڵاتە لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە وەرزی سەرمادا، بە شێوەیەک کە بەرپرسان هەوڵ دەدەن بەرپرسیارییەتیی شکستە سەربازی و بەڕێوەبەرییەکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی شێوازی بەکارهێنانی خەڵک.