پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و سکاڵای هاووڵاتییان، ڕاستییەکی تاڵ ئاشکرا دەکات کە ئەو گەڵاڵەیەی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "کاڵابەرگی ئێلێکترۆنیکی" وەک قەڵغانێکی پشتگیری لە کاتی لابردنی نرخی دراوی پەسەندکراو (ارز ترجیحی) بانگەشەی بۆ دەکرد، ئێستا بووەتە تۆڕێکی ئاڵۆزی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ڕێژیم، گرانفرۆشیی زۆرەملێ و شکاندنی کەرامەتی مرۆیی هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەیان میلیۆن هاووڵاتی کە لەژێر باری قورسی هەڵاوسان و گرانیی سەرسووڕهێنەر دەناڵێنن، لە کاتی بەکارهێنانی ئەو بڕە پارە کەم و بێسەروبەرەدا ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی توند دەبنەوە.
فرۆشگاکان بەهۆی نەدانی قەرزەکانیان و دواکەوتنی ماوەدرێژی پارەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە، یان خۆیان لە وەرگرتنی کاڵابرگ دەبوێرن، یان کاڵاکان بە نرخێکی زۆر گرانتر بە هاووڵاتییان دەفرۆشنەوە و کاڵا ماوەبەسەرچوو و بێکڕیارەکانی کۆگاکانیان بەسەردا دەسەپێنن.
لەکاتێکدا بەرپرسانی دەوڵەت بانگەشەی یەکلاکردنەوەی بەشێک لە قەرزەکان دەکەن، ئامارە فەرمییەکانی خودی ڕێژیم و دانپێدانانی بەرپرسانی مەجلیس دەریدەخەن کە بەهۆی ئەم سیاسەتە چەوتانەوە، نزیکەی هەشت میلیۆن کەس تووشی هەژاریی ڕەها و بەدخۆراکی بوون و نزیکەی ٥٠ میلیۆن کەسی دیکەش لە دابینکردنی خۆراکی سەرەتاییدا کێشەیان هەیە.
جیاوازیی زۆری نێوان نرخی بازاڕی ئازاد و نرخی کاڵاکانی کاڵابەرگ، هاوکات لەگەڵ کەمکردنەوەی بێهۆکاری بڕی پارەی مانگانەی خێزانەکان، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم گەڵاڵانە نەک هەر بارگرانیی سەر شانی خەڵکیان سووک نەکردووە، بەڵکوو قەیرانی ئابوورییان لەسەر شانی توێژی کرێکار و کەمداهات قووڵتر کردووەتەوە.
ئەم بارودۆخە کارەساتبارە تەنیا مەترسیی لەسەر دابینکردنی بژێوی دروست نەکردووە، بەڵکوو لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە بووەتە هۆی بریندارکردنی کەرامەتی هاووڵاتییان لە کاتی کڕینی پێداویستییە ڕۆژانەکاندا؛ بە شێوەیەک کە بەشێک لە خەڵک لەتاو هەستکردن بە شەرمەزاری و هەڵسوکەوتی نەشیاو، ناوێرن لەو بڕە یارمەتییە کەمەش کەڵک وەربگرن و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە نادادپەروەرەدا تەنیا بووەتە ململانێیەک بۆ مانەوە و نەمردن.