کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی لەمەڕ مەترسیی لەسێدارەدانی شاعیرێک و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ناڕازییاندا

12:02 - 21 خەزەڵوەر 2726

سەرچاوە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر ڕایانگەیاند کە دۆسییەی پەیمان (ئەمین) فەرەح ئاوەر، شاعیری خەڵکی گیلان و بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت، ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە و مەترسیی جیددیی لەسێدارەدانی لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا"، ناوبراو کە لە خەرمانانی ١٤٠٣ دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕەشتەوە بە تۆمەتەکانی "بەغی" و "موحاربە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەو تۆمەتانە تەنیا لەسەر بنەمای هۆنراوە و چالاکییە مەدەنییەکانی ئەو شاعیرە خراونەتە پاڵی.

هاوکات ناوەندی "توانا" بڵاوی کردەوە کە مەجید عەبدولحوسێنی، پاڵەوانی پێشووی کاراتەی جیهان و ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکانی ئێران و چین، کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە قوم دەسبەسەر کرابوو، بەبێ ڕوونکردنەوەی وردەکاریی تۆمەتەکان و مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ناوەندی "دادبان" ڕایگەیاند کە عیزەتوڵڵا سولەیمانی، دیزاینەری بینا و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە لایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە ٦ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە بەندیخانەی ئێڤین، بە شۆکەری کارەبایی ئەشکەنجە دراوە بە شێوەیەک کە پەنجەکانی پێی، شکاون.

لە کاردانەوە بەم سەرکوتکارییانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران تۆمەتەکانی وەک موحاربە و بەغی وەک ئامرازێک بۆ لەسێدارەدانی نەیاران و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی هونەرمەندان بەکار دەهێنێت.