فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران لە مانگی پووشپەڕەوە تا ئێستا، ڕێگریی لە هەناردەکردنی زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار نەوتی خاوی سپای تێرۆریستیی پاسداران کردووە و دەستی ڕێژیمی لە داهاتە نایاساییەکان بڕیوە.
سێنتکام ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بەتوندی لە جێبەجێکردنی گەمارۆی سەرجەم بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران بەردەوامن و هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا مافی هاتوچۆی نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە پووشپەڕەوە تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ کەشتی کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن ناچار بە گۆڕینی ڕێڕەویان کراون و پێنج کەشتیش لەکار خراون.
هاوکات هێزەکانی ئەمریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانانیان پارێزگاری لە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەکەن؛ بە جۆرێک کە لە هاوینەوە نزیکەی چوار هەزار کەشتی و یەک میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە پارێزگاریی ئەمریکا تێپەڕیون و ڕێڕەوە سەرەکییەکانیش لە مین پاک ڕاگیراون.
لەلایەکی دیکەوە، سێنتکام وردەکاریی یەکەی تایبەتی نوێی "دەروازەی ئاسنین"ی بڵاو کردەوە کە ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر بە فەرمانی دەریاسالار برەد کوپێر پێکهێنرا.
ئەم یەکەیە کە لە فلۆریدا جێگیرە، ئەرکی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، تێکنۆلۆژیی دوومەبەستە، ماددە گەمارۆدراوەکان و پارەی نایاسایی لە سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای خەزەر، بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تێرۆریزم و کارگەکانی چەکسازیی ڕێژیمی تارانە.