کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەراوێزخستنی وەرزش لە کوردستان؛ نەبوونی سەرەتاییترین ژێرخانی زۆرانبازی لە ورمێ

11:59 - 21 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی سیاسەتی پەراوێزخستن و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی بودجە و ئێمکاناتی وەرزشی لە کوردستان، سەرۆکی دەستەی زۆرانبازیی ورمێ ڕەخنەی توندی لە نەبوونی ژێرخانی وەرزشی لەم شارە گرت و دانی بەوەدا نا کە تەنانەت یەک بەشە نێوخۆیی (خەوتنگە) و هۆڵێکی سەربەخۆی زۆرانبازی لە ناوەندی پارێزگاکەدا بوونی نییە.

فەلاح، سەرۆکی دەستەی زۆرانبازیی ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە جیاوازیی قووڵی نێوان دابینکردنی ئێمکانات لە پارێزگاکانی ناوەندی ئێران و ورمێ کرد و ڕایگەیاند کە بەپێچەوانەی پارێزگاکانی وەک مازەندەران، لە ورمێ هیچ بەشە نێوخۆییەکی گونجاو بۆ میوانداریکردنی پێشبڕکێکان نییە و تەنانەت هۆڵی ئێستای ڕاهێنانی زۆرانبازانیش هی وەرزشی بالەیە و بە شێوەی کاتی و بە تکا و ڕاوێژ وەرگیراوە.

ناوبراو هەروەها باسی لە دۆخی نالەباری دارایی زۆرانبازان کرد و وتی زۆربەی ئەو وەرزشوانانە سەر بە توێژی کەمداهات و هەژاری کۆمەڵگەن، بە شێوەیەک کە ئەگەر کرێی مانگانەی ڕاهێنان تەنیا بۆ ٤٠٠ هەزار تمەن بەرز بکرێتەوە، زۆربەیان بە ناچاری واز لە وەرزش دەهێنن.

هاوکات ڕایگەیاند کە لە سەرانسەری شاری گەورەی ورمێدا، جگە لە کۆمەڵگەی تەختی، تەنیا یەک یانەی دیکەی زۆرانبازی چالاکە و بەهۆی نەبوونی بودجەی حکوومەتییەوە، دەستەی زۆرانبازی ناچارە تێچووەکانی تەنیا لە ڕێگەی پارەی گیرفانی وەرزشوانەکانەوە دابین بکات.

ئەم دانپێدانانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار لە سامانی گشتیی بۆ پڕوپاگەندە و مێلیتاریزم خەرج دەکات، بەڵام شارەکانی کوردستان لە سەرەتاییترین ژێرخانە وەرزشییەکان بێبەش دەکات و بەهرە و توانای لاوانی کورد لەژێر گوشاری هەژاری و نەبوونی پشتیوانیدا دەپووکێنێتەوە.