کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەباشیی هێزە تایبەتەکانی بریتانیا بۆ پاراستنی بنکە ناوکییەکان لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران

12:31 - 21 خەزەڵوەر 2726

لە دوای پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تێکدەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خاکی بریتانیا، هێزە تایبەتەکانی دەریاوانیی ئەم وڵاتە ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانیان توندتر کردەوە و وەزارەتی بەرگرییش ٤٧٠ میلیۆن پۆندی بۆ بەهێزکردنی ئەمنییەتی بنکە سەربازییەکان تەرخان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل" لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، سەرچاوە ئەمنییەتییەکان هۆشدارییان داوە کە بەکرێگیراوانی سەر بە تاران ڕەنگە بە دڕۆن و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی، دامەزراوە ستراتێژییەکانی بریتانیا بکەنە ئامانج.

لەم چوارچێوەیەدا، یەکەی تایبەتی "کۆماندۆی ٤٣ی پاراستنی ناوگان" بۆ پاراستنی بنکەی دەریاییی "فاسلین" لە سکاتلەند (شوێنی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان)، دامەزراوەی "کۆڵپۆرت"، بەندەری "گلێن ماڵان" و تێرمیناڵی نەوتیی "فینارت" خراونەتە ئامادەباشییەوە.

سەرچاوە ئەمنییەتییەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەڕەشەکان ڕاستەقینەن، چونکە دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران توانای تێپەڕین لە سیستەمەکانی جی‌پی‌ئێس (GPS)یان هەیە.

وەزارەتی بەرگریی بریتانیاش وێڕای تەرخانکردنی ١٥ میلیۆن پۆند بۆ تێکنۆلۆژیی دژەدڕۆن، فڕینی بەسەر ٤٤ ناوەندی هەستیاردا قەدەغە کردووە.

ئەم هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ تۆمەتبارکردنی سێ کەس لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بە هاوکاریی سپای پاسداران و 'کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق" لە پیلانی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە بریتانیا، کە شوێنی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکایە.

لە کاردانەوەدا، ئاندی بێرنام، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی بە داڕێژەری پیلانەکە ناساند و لەندەنیش باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی بانگ کرد و سزای بەسەر دوو بەرپرسی ڕێژیم، لەوانە ڕووحوڵڵا بازقەندی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا سەپاند.