کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی چوار ڕێکخراوی کرێکاری و خانەنشینان لە ناڕەزایەتی بە دۆخی مووچە و هەڵاوساندا

12:21 - 21 خەزەڵوەر 2726

چوار ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و خانەنشینان ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، ڕەخنەیان لە لێدوانەکانی محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیم سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان بەرزبوونەوەی مووچە و هەڵاوسان گرت و ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوان مووچە و تێچووەکانی بژێوی دەربڕی.

ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن "سەندیکای کرێکارانی نەیشيەکەری حەوت تەپە"، "کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان"، "کرێکارانی خانەنشینکراوی خووزستان" و "گرووپی یەکگرتوویی خانەنشینان" واژۆ کراوە و تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی باشترکردنی دۆخی ئابووریی توێژی کرێکار و هەنگاوی بەکۆمەڵ بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان کراوەتەوە.

واژۆکەرانی ڕاگەیەندراوەکە بە ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی مووچە لەگەڵ هەڵاوسان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی زیادبوونی حەقدەستەکان زۆر کەمتر بووە لە هەڵکشانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

لەم ڕاگەیەندراوەدا بە پشتبەستن بە ئامارەکانی بانکی ناوەندی و بەراوردکردنی کەمترین مووچەی ساڵەکانی ١٣٩٥، ١٤٠٠ و ١٤٠٥ هاتووە: "ئەگەر مووچەکان بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان بەرز کرابانەوە، کۆی مووچە و ئێمتیازاتی مانگانەی کرێکارێکی خێزاندار کە دوو منداڵی هەیە دەبوو بگاتە نزیکەی ٣٥ میلیۆن و ٦٥٠ هەزار تمەن، لە کاتێکدا ئێستا تەنیا ٢٥ میلیۆن و ٦٥١ هەزار تمەن وەردەگرێت؛ واتە نزیکەی ١٠ ملیۆن تمەن کەمتر لە ئاستی هەڵاوسان."

لە کۆتاییدا ئەو ڕێکخراوە کرێکارییانە بە ئاماژەدان بەوەی کە هێڵی هەژاری بۆ سەرووی ٩٠ میلیۆن تمەن لە مانگێکدا بەرز بووەتەوە، ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت زیادکردنی ساڵانەی مووچە بەپێی ڕێژەی هەڵاوسانیش وڵامدەرەوەی تێچووەکانی ژیانی خێزانێکی مامناوەند نییە، هەر بۆیە داوای لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاری و یەکگرتوویی بۆ بەدەستهێنانی مافە پیشەییەکانیان دەکەن.