لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرکام لە ی زاهێد سەیدکەریمی، سەدرەدین ئیسماعیلزادە، کۆمار ڕۆیان، ئەحەد میهەنخا و کەیوان ڕەسووڵی ئازەر لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون و سەنعان فەراسەت بە یەک ساڵ و ٤ مانگ بەندکراوی داسەپاو سزا دراوە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە لە بەندکرانی خالق خالیدی، زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا کاتژمێر ٣ی بەیانی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی زاهێد سەیدکەریمی، خەڵکی ئاوایی «باب خاڵاوێ»ی شنۆ و دەسبەسەریان کردووە.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەدرەدین ئیسماعیلزادە، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی ئاوایی «شاوانە»ی شنۆ، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کرا.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری کۆمار ڕۆیان، تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی هەژار ڕۆیان لە زیندانییانی سیاسیی پێشوو لە شاری شنۆ و دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها لە هەوڵێکی هاوشێوەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، کەیوان ڕەسووڵی ئازەر و ئەحەد میهەنخایان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شنۆ سەنعان فەراسەتی بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیونی ڕێژیمی ئێران» بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بە چوار مانگ بەندکرانی داسەپاوی دیکەی مەحکووم کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «خالق خالیدی»، خەڵکی گوندی «بێژاوێ»ی شنۆ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
ناوبراو لە ماوەی ئەم ماوەیەدا لە مافی هەموو جۆرە دەستپێڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.