لە درێژەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندن و دامرکاندنی دەنگی ئازادیخوازان لە دەرەوەی سنورەکان، غولامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیم، ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە نەیاران و چالاکوانانی سیاسیی دەرەوەی وڵات کرد و داوای کرد دۆسیەی دادوەریی ئەم هاووڵاتییانە بە پاساوی تۆمەتی وەک سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دوژمن، بە خێرایی هەرچی زیاتر یەکلا بکرێنەوە.
ئێژەیی لە لێدوانێکدا کە بە تەواوی ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر نەیارانی دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەی نەیاران دەبێت بە "پێداگری و خێرایی تەواو" بێت تا ڕێگە لە هەموو جووڵەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی بگیرێت.
ئەم هەڕەشە ئاشکرایانەی سەرۆکی دەزگای سێدارە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی بەناو دادوەری پێشتر دانی بەوەدا نابوو کە دۆسیەی ئەمنییەتی بۆ لانیکەم هەزار و ٨٩٥ کەس لە چالاکوانان و لەوانە ٩٤ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکار دروست کراوە.
هەروەها، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ڕەزبەر لانیکەم ٦٠٤ کەس لەسێدارە دراون کە ١٦ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی، ٣٣ خۆپیشاندەر و ١٣ بەندکراوی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم بوون و هەروەها لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس دەسبەسەر کراون.
ئەم هەڕەشە نوێیانەی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەن بۆ ترسی ڕێژیم لە چالاکیی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان؛ بەتایبەت کە ئێژەیی پێشتریش فەرمانی دابوو دۆسیەی نەیاران لەدەرەوەی ڕەوتی ئاسایی دادگاییکردن تاوتوێ بکرێت، کە ئەمەش درێژەی سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی ڕێژیمە.