کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەندامانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی «فاتمیون»مان کردە ئامانج

08:12 - 12 خەزەڵوەر 2726

بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەردا، لە شارەکانی گوڵشەن و کونارەک، بە ڕیزبەندی فەرماندەیەکی سپای پاسداران و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی فاتمیونیان کە لە قوتابخانەیەکدا جێگیر ببوون، کردووەتە ئامانج.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا، کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ، فەرماندەیەکی سپای پاسداران لە ناوچەی کەلێگانی شاری گوڵشەن کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویووتا هایلۆکس بوو، کرایە ئامانج و لەگەڵ سێ چەکداری دیکە کوژران.

هەروەها ئەو بەرەیە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە بەشی زەرئابادی شاری کونارەک، گرووپێک لە هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ناسراو بە فاتمیون کە لە قوتابخانەیەکی حکومەتیدا لە گوندی «بیر سوفلا» جێگیر ببوون، کردە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لەم پێکدادانەدا، تێکۆشەرانی ئەو بەرەیە چوونە شوێنی جێگیربوونی هێزە بەکرێگیراوەکانی ئەو گرووپە و لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، شەش کەس لە هێزە بەکرێگیراوەکانی فاتمیون کوژران.

هاوکات بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی شەهیدبوونی ئەندامێکی خۆی لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا ڕاگەیاند.

لە کۆتاییدا ئەو بەرەیە ڕایگەیاند کە بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی بە نوێنەرایەتیی گەلی ئێرانەوە، داوای لە حکوومەتەکانی ئەفغانستان و پاکستان کرد کە گوشار بخەنە سەر حکوومەتی زۆردار و ستەمکاری ڕێژیمی ئێران، بۆ ئەوەی چیتر لە هاووڵاتییانی وڵاتانی ئەوان بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی بێدەرەتانی بەلووچستان و هەروەها ناوچەکانی تری ئێران کەڵک وەرنەگرێت.