کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پێکهێنانی ئاڵترناتیڤ ئەرکی لەپێشینەی ئۆپۆزیسیۆنە

10:29 - 28 خەزەڵوەر 2726

وتووێژ: فاتمە عوسمانی

ئاماژە: لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی خێرا بوونەتەوە، بەرنامەی «کانوون»ی کوردکاناڵ لە وتووێژێکی تایبەتدا میوانداریی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کرد. بەڕێز عەزیزی لەم بەرنامەیەدا لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەریی فەزای شەڕ و دیپلۆماسیی لەسەر داهاتووی ئێران شی کردەوە و، وێڕای ڕەخنەگرتن لە پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و نەبوونی ئاڵترناتیڤ، ئەزموونی یەکگرتوویی و هاوپەیمانی کوردستانی بە مۆدێلێکی هاندەر بۆ ڕێکخستن و خەبات لە ئێراندا لە قەڵەم دا.

بەڕێز عەزیزی، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەندێک گۆڕانکاری ڕوویان داوە؛ بە بڕوای ئێوە ئەم گۆڕانکارییانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر داهاتووی ناوچەکە و ئێران دەبێت؟

بەر لە هەموو شتێک، لە هەردوو وڵاتی ئەمریکا — وەک زلهێزی جیهانی — و ئیسرائیل — وەک زلهێزی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست — بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کارێکی تەواو ئاساییە. لە سیستمە دێموکراتیکەکانی ئەم دوو وڵاتەدا، خەڵک بەپێی یاسا و لە کەشێکی ئازاددا، بڕیار لەسەر داهاتوو و ستراتیژیی دامەزراوە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانیان دەدەن.

بەڵام لێرەدا لەگەڵ هاوکێشەیەک بەرەوڕووین کە تێیدا ئەمریکا کەوتووەتە نێو شەڕێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئیسرائیلیش چەقی ئەم شەڕەیە. لە بنەڕەتدا، شەڕی ئەم دواییە ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، زیاتر پەیوەندیی بە سروشتی هەڕەشەکانی ئەم ڕێژیمە و نیگەرانی لە ئەگەری بەکارهێنانی بەرنامە ناوکییەکەی لە دژی ئیسرائیلەوە هەیە. هەر بۆیە پاشخانی قەیرانەکانی ناوچەکە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێی ئەمریکاشیان ڕاکێشایە نێو ئەم پێکدادانەوە و هەڵبژاردنەکانی هەردوو وڵات لە کەشوهەوای شەڕدا بەڕێوە چوون.

ئیسرائیل هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا تووشی شەڕی جۆراوجۆر بووە و هاوکات هەڵبژاردنەکانیشی ئەنجام داوە؛ هەر بۆیە ڕەنگە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەوێدا ئەوەندە بەرچاو نەبن. بەڵام ئەمریکا بە ڕەهەندێکی زۆر بەربڵاوتر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چالاک و بەشدارە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دەتوانێت کاریگەریی زۆری هەبێت. بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەمریکا، سەرۆککۆمار لە داڕشتنی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئاسایشی جیهانی و ئاشتیدا دەسەڵاتێکی یەکجار زۆری هەیە. هەرچەندە ڕەنگە لە کۆنگرێسدا ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ ببێتەوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتانە بە ئاسانی لێی ناسەنرێنەوە. بەدەر لەم ڕەوتە، دەرەنجامی هەڵبژاردن لەم دوو وڵاتەدا نیشان دەدات کە دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی» یان ڕەوتی گفتوگۆ و ململانێی دیپلۆماتیک هەر بەردەوام دەبێت.

ئێوە ساڵانێکی زۆر ئەزموونی کارکردنتان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە؛ بە بۆچوونی ئێوە دوای هەڵبژاردنەکان، سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەرۆککۆمار ترامپ بە بەراورد لەگەڵ سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئەمریکا، ڕوانگەیەکی جیاوازی هەبوو. لە ڕابردوودا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان سیاسەتی ئەمنی و نێودەوڵەتیی دێموکراتەکان و کۆماریخوازەکاندا نەبوو و ناکۆکییەکان زیاتر لە وردەکارییەکاندا بوون. بەڵام ترامپ دەیویست ئەم ڕێڕەوە بگۆڕێت و تا ڕادەیەکی زۆریش وای کرد؛ چونکە جەختی لەسەر پرسە نێوخۆییەکان و دروشمی «سەرەتا ئەمریکا» دەکردەوە. لە سەردەمی ئەودا بینیمان کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە مێژووییەکانی لە ئورووپا و تەنانەت لەگەڵ کاناداش سارد و ئاڵۆز بوون، ئەمەش دیاردەیەکی نوێ بوو لە سیاسەتی دەرەوەی واشینگتۆندا.

بە بڕوای من، ئەمریکا و ئورووپا لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی، کۆنتڕۆڵکردنی توانا ناوکییەکانی و ناچارکردنی بەوەی هەڵسوکەوتێکی بەرپرسانە بنوێنێت، هاوڕان؛ بەڵام لە بواری کردەیی، مەیدانی و سەربازیدا، ناکۆکییەکانیان بە تەواوی دیارە. هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە ڕەنگە ئەم پەیامە بگەیەننە ترامپ و کۆماریخوازەکان کە پێویستە بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینەکان، لانیکەم بەرامبەر بە ئورووپا، بچنەوە.

سەرباری ئەمەش، تەوەری سەرەکیی سیاسەتی ئەمنیی واشینگتۆن هەر ئێرانە؛ چونکە ئەم پرسە بۆ خودی ترامپ بووەتە پرسێکی جیدی و بێگومان هەوڵ دەدات خۆی وەک «براوە»ی ئەم پرسە نیشان بدات. دەیەوێت بە خەڵکی ئەمریکا بڵێت ئەم شەڕە بایەخی خۆی هەبووە و دەوڵەتەکەی توانیویەتی بەرنامە ناوکیی کۆماری ئیسلامی سنووردار بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت چاوەڕوان بین؛ بەتایبەت کە ئەنجام و پەیامی ئەم هەڵبژاردنانە لەوە بەهێزتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا.

ئێوە باستان لە ئەگەری «نە شەڕ و نە ئاشتی» و گفتوگۆ یان چەقبەستوویی دیپلۆماتیک کرد. ئەگەر شەڕێکی دیکە هەڵبگیرسێت، ئاسۆکەی چۆن دەبێت؟

هەڵگیرساندنی شەڕ زۆر ئاسانە، بەڵام کۆتاییپێهێنانی زۆر دژوارتر و ئاڵۆزترە. لە نێوان دەستپێک و کۆتایی شەڕدا مەودایەک هەیە کە زۆرجار تێیدا هۆکار و فاکتەرە پێشبینینەکراوەکان دێنە گۆڕێ؛ لە پرسی ئێرانیشدا هەر وا بوو و ڕەنگە لێکدانەوەی لایەنەکان بۆ توانا سەربازی، ئەمنی، ئابووری و دیپلۆماتیکەکانی یەکتر زۆر ورد نەبووبێت.

ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەشێک نەبووین لەم تێکهەڵچوونە سەربازییە، بەڵام پێمان وایە لێکەوتەکانی، کۆمەڵگەی ئێران، ناوچەکە و جیهانی خستووەتە دۆخێکی ناڕوونەوە. لێکدانەوەی ورد ئەستەمە، بەتایبەت کە ترامپ کەسایەتییەکە پێشبینیی هەڵسوکەوتی ناکرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەشوهەوای شەڕ بەردەوامە و دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان یەکێکە لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان.

لەم کەشوهەوای شەڕەدا، نەبوونی یەکڕیزییەکی کاریگەر و ئاڵترناتیڤ لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریدا تا چەند کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئێران دەبێت؟

یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی خەڵکی ئێران ئەوە بووە کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی درێژ بەرنامە ناوکییەکەی خۆی وەک کارتی یاری و ئامرازی بەرپەرچدانەوەی نێودەوڵەتی بەکار هێناوە و هەرکاتێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییەکاندا باسی ئێران دەهاتە گۆڕێ، کاری هەرە لەپێش، ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ناوکی بووە. ئەم دۆخە جەنگییە و دۆسیە ناوکییە، لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێران و جیهانیان بە بارمتە گرتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی سوود لە کەشوهەوای شەڕ وەردەگرێت، هەروەک چۆن خومەینی شەڕی بە «نیعمەتی خودایی» دەزانی؛ ئەم ڕێژیمە بەرژەوەندیی خۆی لە نائارامیی ناوچەکە و قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکاندا دەبینێتەوە تا بیروڕای گشتیی نێوخۆی ئێران بە لاڕێدا ببات.

ئەگەر ئەم شەڕە لە ئەنجامی گۆڕانکاریی سەربازی یان ڕێککەوتنی دیپلۆماتیکدا کۆتایی پێ بێت، خەڵکی ئێران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن لە گۆڕەپانی خەباتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا چالاکتر دەربکەون. بەڵام لە تەواوی ئەم ماوەیەدا، بەداخەوە ئاڵترناتیڤێک دروست نەبوو، خەڵک ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە وریایی و پارێزەوە دەجووڵایەوە. ئەمە بۆ خودی ئەمریکاش بووەتە گرفت، چونکە سەلما کە تەنیا بە بۆمبارانی هەوایی ناتوانرێت ڕێژیم بڕووخێنرێت؛ ئامادەبوونی خەڵک و هەبوونی ئاڵترناتیڤێکی جێی متمانەی کۆمەڵگەی جیهانی پێویستە، ئاڵترناتیڤێک کە بۆشاییەکەی بە تەواوی هەستی پێ دەکرێت.

یەکڕیزی و هاوکاریی کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن لە بارودۆخێکی ئاوادا چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران دەبێت؟

حیزبی دێموکرات هەمیشە لە پێناو یەکگرتوویی هێزە سەرانسەری و کوردستانییەکاندا هەوڵی داوە و کەمتەرخەم نەبووە. ئێمە لەگەڵ ڕەوت و لایەنە جۆراوجۆرەکاندا گفتوگۆمان کردووە، بەڵام دەبێت ڕاستییەکە قبووڵ بکەین کە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری زۆربەی کاتی خۆی بە لێکدانەوە و پێشبینیی چارەنووسی شەڕەوە بەفیڕۆ دا.

ئەم هێزانە تا ڕادەیەک متمانەی خۆیان لەدەست دا، ئیرادەیەکی جیدییان پێشان نەدا و بە بۆچوونی من، لە «وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی» دەترسان و ئامادەیی پێویستیان بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی لە خۆیاندا نەدەبینی. ئۆپۆزیسیۆن چ لە سەردەمی بزووتنەوەی «ژینا» و چ لە گەرمەی هێرشەکانی ئەم دواییەدا، زیاتر سەرقاڵی کێشە نێوخۆییەکانی خۆی بوو. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی سیاسەتی یەکترقبووڵنەکردن، جەمسەربەندییەکان و ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکانە.

ئێمە لە حیزبی دێموکرات ناهومێد نین و هەوڵ دەدەین ئۆپۆزیسیۆن دەست بداتە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی ورد تا بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی دابڕێژێت.

حیزبی دێموکرات لە هاوپێوەندیی حیزبە کوردییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا؛ تا چەند دەکرێت کەڵک لەم ئەزموونە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوکارییەکی سەرانسەری لە ئێراندا وەربگیرێت؟

مۆدێلی هاوپەیمانی لە کوردستاندا مۆدێلێکی ئامادەکراوی پێشوەختە نەبووە، بەڵکوو ڕەگی لە پاشخانێکی مێژوویی و خەباتگێڕانەدایە. ئێمە دەتوانین بۆ ڕێکخستن، بەهێزکردنی بزووتنەوەی مەدەنی و پەرەپێدانی نافەرمانی مەدەنی لە سەرانسەری ئێراندا، کەڵک لەم ئەزموونانە وەربگرین؛ چونکە خۆشبەختانە ڕوانینی خەڵکی ئێران و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر بە پرسی کورد گۆڕانێکی ئەرێنیی بەسەردا هاتووە.

خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە نابێت داهاتووی ئێران تەنیا لە ڕەهەندە سەربازییەکان و دەستێوەردانی دەرەکیدا کورت بکەینەوە. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت واوەتر لە گۆڕانکارییە سەربازییەکان بیر بکاتەوە.

ئەزموونی حیزبایەتی لە کوردستاندا چەندە لەم یەکگرتووییەدا کاریگەر بووە و ئایا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی سەرانسەری؟

ئەم ئەزموونە بێگومان لە کوردستاندا کاریگەر بووە، بەڵام گشتاندنی بۆ ئاستی ئێران لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوویە. گرژی و کێشمەکێش لە نێوان ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکان لە ئێراندا هەمیشە زۆر و توند بووە و زۆربەی وزەی ئۆپۆزیسیۆن لەم ناکۆکییانەدا بەفیڕۆ دراوە. حیزبی دێموکرات هەمیشە هەوڵی داوە پەرە بە کولتووری دێموکراسی، یەکترقبووڵکردن و گفتوگۆ بدات. کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکانی ئێران ئەزموونێکی درێژخایەنیان لە دێموکراسیدا نەبووە و دامەزراوەی مەدەنیی بەهێز تێیاندا دروست نەبووە؛ هەر بەم هۆیەشەوە ئەم هێزانە لە دەرفەتە مێژووییەکانی وەک بزووتنەوەی «ژینا» یان شەڕی ئەم دواییەدا، نەیانتوانی ئاڵترناتیڤێکی کارا پێک بهێنن. کارێکی ئاسان نییە، بەڵام حیزبی دێموکرات سوورە لەسەر ئەوەی لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی ئێراندا ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت.

ئێوە باستان لە دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی» و ڕێککەوتن یان ڕێکنەکەوتن کرد. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدوای گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا نەبێت و هێشتاش هیچ ئاڵترناتیڤێک لە ئارادا نەبێت، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ داهاتووی ئێران چۆن دەبێت؟

زۆرینەی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامین، بەڵام ئەم زۆرینەیە یان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی خواستەکەی بکاتە داخوازییەکی کاریگەر، یان نەیتوانیوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بخاتە نێو قۆناغی دروستکردنی ئاڵترناتیڤەوە. دژایەتیکردن و ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم ڕێژیمە، مەرج نییە خۆبەخۆ ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵترناتیڤێک.

من پێم وایە تەنانەت ئەگەر شەڕیش کۆتایی بێت، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم دۆخە ئەمنی و جەنگییە بە شێوازێکی دیکە درێژە پێ بدات. ڕەنگە ئەم دەسەڵاتە لە نێوخۆی وڵاتدا پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە ببات و بەتایبەت لە کوردستاندا، سیاسەتی بەئەمنیکردن هەروەک ڕابردوو بەڕێوە ببات.

کۆتاییهاتنی شەڕ لە دژی ئێران، ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران یان بەردەوامبوونی دۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی»، بەو مانایە نییە کە مێژوو دەوەستێت. نەخێر؛ کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شکستی هێناوە و ئەگەر شەڕ بە هەر شێوەیەک کۆتایی بێت، کێشە نێوخۆییەکان زیاتر لە جاران دەردەکەون و بەرۆکی دەسەڵات دەگرنەوە. لەو قۆناغەدا، ئەم ڕێژیمە ڕووبەڕووی کۆمەڵێکی یەکجار بەرفراوان لە داخوازییە جەماوەرییەکان دەبێتەوە و ئەو کاتە ئۆپۆزیسیۆن و هەموومان بۆ درێژەدان بە خەباتمان، شێواز و ڕێکاری نوێ دەگرینە بەر. هەتا ئەو کاتەی ئەم کەشوهەوای شەڕە سێبەر بەسەر کۆمەڵگەی ئێران و ئۆپۆزیسیۆندا بکێشێت و خەڵک، دەسەڵات و حیزبەکان بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات، پێ دەچێت جووڵەی جیدی و مەیدانی لە شەقامەکاندا بە ئاسانی لە دژی کۆماری ئیسلامی سەر هەڵنەدات.

سەرباری ئەمەش، من گەشبینم؛ چونکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین دۆخی مێژووی سیاسیی خۆیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی ئۆپۆزیسیۆن و دروستکردنی ئاڵترناتیڤ دەبێت بە شێوەیەکی جیدی ئاوڕی لێ بدرێتەوە. دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنبوون، بووەتە ئەمری واقیع لە بەرامبەر ئەم ڕێژیمەدا؛ بەڵام بەداخەوە تا ئەم چرکەساتە، زۆربەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و پێکهێنانی ئاڵترناتیڤدا سەرکەوتوو نەبوون. خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی، چ لە دۆخی ئێستادا و چ دوای شەڕ، ڕێک هەر ئەم خاڵە لاوازەی ئۆپۆزیسیۆنە.

ئەو لاوازییەی من باسی دەکەم، پرسی ئاڵترناتیڤە. بۆ ڕووخاندنی سیستمێکی سیاسیی وەک کۆماری ئیسلامی، دروستکردنی ئاڵترناتیڤ بێگومان دەبێت ئەرکی لەپێشینە بێت؛ شتێک کە بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ نەمانبینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم پرۆسەیەدا هەرگیز کەمتەرخەم نابێت و ئێمە وەک ڕابردوو درێژە بە سیاسەتەکانی خۆمان دەدەین.