فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، چەندین ئامانجیان لە دوورگەی قێشم بۆمباران کرد؛ ئەو هێرشانەی کە دوای تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکایی ئەنجام دراون.
ئاژانسی هەواڵدەریی ئاسۆشێتد پرێس بە گێڕانەوە لە بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەم هێرشانەدا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگیر لە ناوچەکە کە لە مووشەکی زەوییەوە بۆ ئاسمانی کەڵکیان وەردەگرت، کراونەتە ئامانج.
هاوکات دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێرانیش هەواڵی بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەی لە دوورگەی قێشم ڕاگەیاند.
زانیارییەکان باسیان لە ڕوودانی چوار تا شەش تەقینەوەی توند و لەرزینی باڵەخانەکان لەم ناوچەیە کردووە.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، ئامانجی ئەم هێرشانەیان بۆ ڕێگریکردن لە هەنگاوی کۆماری ئیسلامی دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هۆرمۆز گەڕاندووەتەوە.
شایانی باسە قێشم خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی مووشەکی ژێرزەوینی و بنکەیەکی دەریاییە و پێشتر بەرپرسانی ئەمریکایی باسیان لە ئەگەری داگیرکردنی ئەم دوورگەیە کردبوو.
هاوکات، دانوستانە نافەرمییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران بەردەوامە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، باسی لە بوونی گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە باسی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕێکی بەرفراوانی کورتخایەن و توند کردبوو.