کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق بنکەیەکی نوێی فەرماندەیی لە ناوچەی ژێر ڕکێفی کەتائیبی حیزبوڵڵا دروست کرد

09:14 - 29 خەزەڵوەر 2726

دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند کە بنکەیەکی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی ئەمنیی لە ناوچەی جۆرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابلی عێراق دامەزراندووە. بەپێی فەرمانی دەوڵەتی عێراق، ئەم بنکەیە لە کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەرەوە دەست بە چالاکی دەکات و فەرماندەیی هێزە ئەمنییە جێگیرکراوەکانی ناوچەکە دەگرێتە ئەستۆ.

ئەم هەنگاوە دوای ناکۆکیی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە گرووپێکی چەکدارە و  لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێت، لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە ئەنجام دراوە.

سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایگەیاند کە بنکە نوێیەکە لەژێر چاودێریی فەرماندەیی پۆلیسی فێدراڵیدا کار دەکات و ئەحمەد حاتەم حەمید فەرماندەییەکەی لە ئەستۆدایە.

تیپێکی ئەرتەشی عێراق، هیزێکی پۆلیسی فێدراڵی، دوو هێزی حەشدی شەعبی و یەکەیەکی پۆلیسی وزە بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، دەکەونە ژێر فەرماندەیی ئەم بنکەیەوە.

ناوچەی جۆرف ئەلسەخر لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لەژێر کاریگەریی کەتائیبی حیزبوڵڵادایە.

دەوڵەتی عێراق دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە قاچاخچیەتیی بەرهەمی نەوتی و دەستکاریکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لەم ناوچەیەدا، هەنگاوی بۆ گۆڕینی ڕێکخستنی هێزە ئەمنییەکان نا.

 کەتائیبی حیزبوڵڵا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادە نییە ناوچەکە بەجێبهێڵێت یان چەکەکانی ڕادەست بکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەردوولا بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی دەوڵەت و حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

پێشتریش دەوڵەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ چەککردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران دەست پێکردبوو.