کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: ئەمریکا بەشێکی زۆری کەرەستە سەربازییەکانی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئیسرائیل

09:27 - 29 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا بەشێکی بەرچاو لە کەرەستە سەربازییەکانی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئیسرائیل.

بە وتەی ئەو بەرپرسانە، دوای ئەوەی بنکە، ڕادار و سیستمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکا لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیدا بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە زیانیان پێ گەیشت، ئیسرائیل وەک شوێنێکی ئەمنتر بۆ جێگیرکردنی کەرەستە سەربازییەکان هەژمار دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەرتەشی ئەمریکا سیستەمێکی دیکەی بەرگریی مووشەکیی "پاتریۆت"ی ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە و دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیبەری لە بنکەکانی باشووری ئەو وڵاتە و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن جێگیر کردووە.

هەروەها هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی تێلاڤیڤ ئامادەن و لە هۆتێل و ئاپارتمانەکانی ئەو شارەدا نیشتەجێ کراون.

ئەم جموجۆڵانە لەکاتێکدان کە بە نووسینی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ، "ڕۆمەن گۆفمەن"، سەرۆکی مووساد، لە سەردانی حەفتەی ڕابردوویدا بۆ واشنگتۆن لەگەڵ "جان ڕاتکلیف"، سەرۆکی سی‌ئای‌ئەی و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتی ترامپ کۆ بووەوە و داوای دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی چەند ڕۆژەی دژی کۆماری ئیسلامی کرد.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی لە هێرشە نوێیەکان دەکات، بەڵام وڵاتانی کەنداو بە پێشەنگایەتیی قەتەر خوازیاری گەیشتن بە ڕێککەوتنن و بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەست دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکادایە.