کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: تێچووی شەڕی ئەمریکا دژی ئێران گەیشتووەتە ٤٨.٣ میلیارد دۆلار

09:56 - 29 خەزەڵوەر 2726

ئارتوور میلەر، بەرپرسی بودجەی پێنتاگۆن و کاندیدی جێگری وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ کاروباری دارایی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەی لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران (سێنا) ڕایگەیاند کە تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران هەتا ٢٢ی خەزەڵوەر گەیشتووەتە نزیکەی ٤٨.٣ میلیارد دۆلار.

میلەر ڕایگەیاند کە ئەم ژمارەیە تێچووی تەقەمەنی، جێگۆڕکێی ئامێر و کەرەستە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەخۆ دەگرێت، بەڵام تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو بنکە سەربازییە ئەمریکاییانەی کە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانیان بەرکەوتووە، لەخۆ نەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێشووی ئاژانسی فرانس پرێس، نووسینگەی بودجەی کۆنگرەی ئەمریکا تێچووی شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی هەتا ١٠ی گەلاوێژ بە نزیکەی ٣٨ میلیارد دۆلار خەمڵاندبوو. ئەو ژمارەیەی کە پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە نزیکەی ١٠.٣ میلیارد دۆلار لەو خەمڵاندنە زیاترە.