کاترین هەریج، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی ئەمریکایی، لە کاردانەوە بە هۆشداریی دۆناڵد ترامپ، سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی «بۆمبی پیس» لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکانی ئەو دەریخستووە کە کۆماری ئیسلامی لە هێرشە مووشەکییەکەی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەینولئەسەدی عێراق، کڵاوەی مووشەکیی پیسبووی دژی سەربازانی ئەمریکایی بەکار هێناوە.
هەریج ئاماژەی بەو لێکۆڵینەوەیە کرد کە لە ژانویەی ٢٠٢٦دا بڵاوی کردووەتەوە، وتی بەڵگە سەربازییە تایبەتەکان دەریدەخەن کە پشکنینی خاک لە بنکەکەدا دوای هێرشەکە، بوونی ماددە ژەهراوییە جۆراوجۆرەکان، لەوانەش ماددەی تیشکدەری ئاشکرا کردووە.
بە وتەی ناوبراو، ژمارەیەک لە سەربازانی ئەمریکایی هێشتا بەدەست تێکچوونی مێشک و حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەوە دەناڵێنن و ئەم کێشانە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو پیسبوونەی کە دوای هێرشەکە دروست بووە.
سپای پاسداران لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٠دا، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە کوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئەمریکادا، بنکەی عەینولئەسەدی مووشەکباران کرد. بەڵگەنامەکانی پشکنینی خاک کە دواتر لە کۆنگرەری ئەمریکادا پێشکەش کران، بوونی هەندێک کانزای قورس و ئایزۆتۆپی تیشکدەریان لە نموونەکانی شوێنی پێکدانەکەدا دەرخست.