کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

10:00 - 29 خەزەڵوەر 2726

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بانە بە ناوی "بەهمەن خدری"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوورەکانی ئەم شارە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، بەهمەن خدری، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "ماڵتە" سەر بە شاری بانە، لە سنووری ئەو گوندە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی ڕێژیم کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بەهمەن خدری خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و تەنیا دوو حەفتە بەسەر لەدایکبوونی یەکێک لە منداڵەکانیدا تێپەڕیبوو.

کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەنجامی بێکاری، هەڵاواردن و نەبوونی هەلی کار و سەرچاوەی بژێویی ژیان بەهۆی سیاسەتە ئابووری و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەری هەڵداوە و سەرەڕای ئەوەش، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە شێوەی بەردەوام و بێ هیچ لێپرسینەوەیەک کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە.