کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو دادوەرێکی دادگای پیرانشار لە هێرشێکی چەکداریدا لە تەورێز کوژرا

09:33 - 29 خەزەڵوەر 2726

بەناو دادوەرێکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران لە شاری پیرانشار، لەگەڵ دوو ئەندامی بنەماڵەکەی لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری تەورێز کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، کەسێکی چەکدار بە چەکی بڕنەو تەقەی لە "ئیبراهیم سادقی"، دادوەری دادگای ڕێژیم لە پیرانشار، کردووە کە لەنێو ماشینەکەیدا بووە و کوشتوویەتی. لەو تەقەکردنەدا هاوژین و منداڵێکی ناوبراویش کوژراون و کچێکی دیکەی کە لەنێو دووکانێکدا بووە، ڕزگاری بووە.

فەرماندەیی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای تەورێز هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێرشبەرەکە خەڵکی پیرانشار بووە و دوای ڕووداوەکە تەقەی لە خۆیشی کردووە و بە برینداری گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن محەممەدزادە، دادستانی گشتی و ئینقلابی تەورێز، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تەقەکەرەکە خزمی هاوژینی دادوەرەکە بووە و کێشەیان لە نێواندا هەبووە، بەڵام بەهۆی باری تەندروستیی هێرشبەرەکە و مانەوەی لە نەخۆشخانە، تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لێ نەکراوە و هۆکاری وردی ڕووداوەکە ڕوون نەبووەتەوە.

شایانی باسە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سەرکوتکردن، دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر چالاکان و هاووڵاتییانی کورددا هەیە.