کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵ

11:13 - 29 خەزەڵوەر 2726

هاونیشتمانییانی خۆشەویست، منداڵە چاوگەشەکان!

منداڵی، جوانترین و هەستیارترین قۆناغی ژیانی هەر مرۆڤێکە؛ سەردەمی خەونبینین، پشکووتنی بەهرەکان و بنیاتنانی بناغەی کەسایەتیی تاک و کۆمەڵگەیە. لە ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵدا، ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز جارێکی دیکە دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا و جەخت دەکاتەوە کە داهاتوویەکی ڕوون و سەقامگیر تەنیا کاتێک مسۆگەر دەبێت کە منداڵان لە ئێستادا بەبێ هیچ جیاوازییەک خاوەنی هەموو مافە سروشتی، پەروەردەیی و یاساییەکانی خۆیان بن.

ئێمە لە ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز لەم بۆنە جیهانییەدا، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، سەرنجی هەموو ناوەندە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دۆخ و ژیانی سەختی منداڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەکێشین. لە کاتێکدا منداڵانی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ژینگەیەکی ئارامدا سەرقاڵی فێربوون، داهێنان و یاریکردنن، منداڵانی ئێمە ڕۆژانە لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەدا ڕووبەڕوو دەبنەوە. بێبەشبوون لە مافی سەرەتایی پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایک، قورسیی باری ئابووریی خێزانەکان، وازهێنانی پێشوەختە لە خوێندن و نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ گەشەپێدانی تواناکان، بوونەتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم خەون و ئاواتەکانیاندا.

بڕوامان وایە کە پاراستنی سەلامەتیی دەروونی و جەستەیی منداڵان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و پڕ لە متمانە بۆیان، نابێت تەنیا وەک دروشمێک لە بۆنە ساڵانەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە ببێتە بەرنامە و کردارێکی بەردەوامی ڕۆژانە. هەر منداڵێک مافی ئەوەی هەیە دەنگی بیسترێت، ڕێز لە بیرۆکەکانی بگیرێت و لە کۆمەڵگەیەکدا بژی کە تێیدا تەنیا بیر لە گەشەکردن و داهێنان بکاتەوە، نەک لە خەمی بژێوی و دڵەڕاوکێی داهاتوودا بێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز داوا لە هەمووان دەکات، لە خێزان و دایک و باوکانەوە تا مامۆستایان، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە پێکەوە هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ پاراستن و پێگەیاندنی نەوەی نوێ. پێویستە بە بایەخدان بە فەرهەنگ، زانست، هونەر و پەروەردەی دروست، زەمینەیەکی وا بڕەخسێنین کە منداڵانی کوردستان بتوانن بە سەربەرزی و ئارامییەوە و پڕ لە هیوا گەورە ببن و ببنە پێشەنگی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوو.

لە کۆتاییدا، ڕۆژی جیهانیی مافی منداڵ لە هەموو منداڵانی جیهان و بەتایبەت منداڵانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەین و هیوای داهاتوویەکی پڕ لە خۆشی و گەشەسەندنیان بۆ دەخوازین.

ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز
٢٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٥
٢٠/١١/٢٠٢٦