وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، پڕە لە وێستگەی پڕشکۆ، قوربانیدانی گەورە و هەڵوێستی ئازایانە کە هەریەکەیان وانەیەکی گەورەن بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو. یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین قۆناغەکانی ئەم مێژووسازییە، «شەڕی سێ مانگە» و ڕووداوەکانی پاییزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییە؛ کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای شکستهێنانی لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، ناچار بوو لە ٢٦ی خەزەڵوەردا پەیامی ئاگربەست بنێرێت.
ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ بەڕێز تەیموور مستەفایی، تێکۆشەری دێرینی ڕێگای ئازادی و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گێڕانەوەیەکی زیندوو و ڕاستەقینەیە لەو سەردەمە پڕ فیداکارییە. بەڕێزیان وەک یەکێک لە بەشداربووانی مانگرتنی مێژوویی قوڕیقەڵا و بەرپرسی کۆمیتەی کامیارانی ستادی یارمەتیگەیاندن بۆ بەرەکانی شەڕ، باسی ئەو دۆخە ئاڵۆزە دەکات کە چۆن گەلی کورد لە نێوان تەسلیمبوون بە داگیرکاری و بەرگریی ڕەوادا، بژاردەی دووهەمی هەڵبژارد.
ئەم گفتوگۆیە تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتیی ڕێکخستنی بەرگریی پارتیزانی بە چەکی سووک لە بەرامبەر سوپایەکی پڕچەکدا، نهێنیی سەرکەوتنی پێشمەرگە و ڕۆڵی بێوێنەی خەڵک و ڕێکخستنەکانی نێو شارەکان وەک پشتیوانی سەرەکیی بەرەی دەرەوەی شار. خوێندنەوەی ئەم ئەزموونە مێژووییە، تەنیا گەڕانەوەیەک نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو وانەیەکی گەورەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بە پشتبەستن بە هێزی گەل و یەکڕیزی، دەکرێت لە بەرامبەر هەر هێزێکی داپڵۆسێنەردا ڕاوەستیت و سەرکەوتن بەدەست بهێنیت.
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سێ مانگە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٢٦ی خەزەڵوەردا، بەرپرسیارێتیی بەڕێزتان لە کوێ بوو و سەختترین بڕیار کە لەو ماوەیەدا داتان چی بوو؟
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سێ مانگەدا، دوو مانگرتن لە ناوچەی پاوە لە گۆڕێدا بوو؛ یەکیان مانگرتنی بەردەرکی فەرمانداریی پاوە بوو کە مانگرتووان داوای گەڕانەوەی هێزی حکوومەتییان دەکرد بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش، کە ئەم مانگرتنە لە ڕاستیدا مانگرتنی لایەنگرانی ڕێژیم بوو کە زۆر لەمێژ بوو پیلانیان بۆ دەگێڕا و لە ڕاستیدا ئامانجیان هەڵایساندنی شەڕ بوو لە کوردستاندا. مانگرتنی دووهەم لە ٣٥ کیلۆمەتری شاری پاوە لە شوێنێک بە ناوی قوڕیقەڵا هەڵکەوتبوو، داواکاریی مانگرتووان چوونە دەرەوەی هێزی بیانی و سپاردنی کاروباری خەڵکی ناوچە بە دەست خۆیانەوە و هەوڵدان بۆ بەرگریکردن لە ڕوودانی شەڕ بوو، کە بەرپرسیارێتیی ئەم مانگرتنە کەوتبووە سەر شانی حیزبی دێموکرات. بەداخەوە سەرەڕای هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی مانگرتووانی قوڕیقەڵا کە منیش یەکێک لە ئەندامانی مانگرتنی قوڕیقەڵا بووم، ڕێژیم شەڕی بەسەردا سەپاندین.
لەو کاتەدا ستادێکی یارمەتیگەیاندن بۆ بەرەکانی شەڕمان پێکهێنابوو کە من لەو ستادەدا ئەرکی بەرپرسیارێتیی کۆمیتەی کامیارانی ئەم ستادەم بۆ گەیاندنی کەرەستە و خواردنی پێویستی ئەم بەرەیە کەوتبووە سەر شان.
بڕیاری هەرە قورس لەو کاتەدا دووڕێیانێک بوو لە تەسلیمبوون لەبەرامبەر شاڵاوی هێرشی داگیرکەر یا بەرگریکردن و ڕاوەستان لە بەرامبەر فەرمانی جیهادی خومەینی، کە داوای لە هێزەکانی «دەریایی و هەوایی و زەمینی» و تەواوی شوێنکەوتووانی کردبوو بێنە شەڕی کوردستان و خەڵک قەڵاچۆ بکەن. کە بەخۆشییەوە ڕێگای دووهەم واتە ڕێگای بەرگریم هەڵبژارد و ئەوە ٤٨ ساڵە لەو بەرگرییە ڕەوایەدا بەشدارم.
بە چەکێکی سووک بەرامبەر سوپایەکی پڕچەک؛ ئەو خاڵە وەرچەرخانە مەیدانییە چی بوو کە لەو سێ مانگەدا هاوکێشەی شەڕەکەی لە بەرژەوەندیی پێشمەرگەدا گۆڕی؟
یەکەم، شەڕی ئێمە لە بەرامبەر ڕێژیمدا شەڕێکی بەرگریکارانە و ڕەوا بوو، شەڕ لەپێناو ئازادی و مافەکانی گەلەکەماندا بوو؛ هەر بۆیە لەلایەن گەلەکەمانەوە پشتیوانیی لێ دەکرا.
دووەم، شەڕی ئێمە شەڕێکی پارتیزانی بوو، شەڕی پارتیزانی تایبەتمەندیی خۆی هەیە:
• پارتیزان شوێنی دیاریکراوی نییە و بەئامانجگرتنی زۆر دژوارە.
• خەڵکی ناوچەکەیە، بەرزونزمیی زەوی و ڕێگا ئەستەم و ستراتیژییەکان باش دەناسێ.
سێهەم، شەڕکەری کورد «پێشمەرگە» خاوەن بیروباوەڕێکی بەهێز و ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گیانی ببەخشێ.
ئەو تایبەتمەندییانە و زۆر تایبەتمەندیی دیکە هۆکاری سەرکەوتنی پێشمەرگەکان بوو. لە شەڕی سێ مانگەدا هێزی پێشمەرگە دەیان چالاکیی بەهێز و گەورەیان لەسەر هێزەکانی ڕێژیم بەڕێوە برد و هێزی ڕێژیمیان لە کوردستان تێکشکاند، بۆیە خومەینی بە پێچەوانەی ویستی خۆی لە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ پەیامی ئاشتی نارد کە لە ڕاستیدا داننان بە شکستی هێزەکانی بوو.
بڕیاری چۆڵکردنی شارەکان بۆ پاراستنی خەڵک، لە نێو سەنگەرەکانی ئێوەدا وەک پاشەکشە بینرا یان وەک ستراتیژێکی سەرکەوتوو بۆ جەنگی پارتیزانی؟
بڕیاری چۆڵکردنی شارەکان لەلایەک بەو مەبەستە بوو کە بەرگری لە وێرانکردنی شارەکان و کوژرانی ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل بکرێ کە لە کاتی هێرشی ڕێژیم بۆ سەریان، دەستی لێ نەدەپاراستن و قەڵاچۆی دەکردن. لەلایەکی دیکەوە، شەڕی خەباتگێڕانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ ئیمکانات لە بەرامبەر هێزێکی دەوڵەتی و بەئیمکانات هەر دەبێ شەڕی پارتیزانی بێت.
لە سەختترین ڕۆژەکانی ئەو سێ مانگەدا، چۆن پەیوەندی و متمانەی نێوان ڕێکخستنەکانی نێو شار و هێزی پێشمەرگە بە زیندوویی ڕاگیرا؟
ڕاستە پێشمەرگە وەک هێز، شارەکانی چۆڵ کردبوو، بەڵام بۆ تاوێکیش شار لە خەباتگێڕانی حیزبەکان چۆڵ نەکرا. ماوەبەماوە هێزی پێشمەرگە لەنێو شارەکاندا چالاکیی زۆر گەورەیان بەڕێوە دەبرد و ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوان و هێزەکانی ڕێژیمیان بە سزای جینایەتەکانیان دەگەیاند. لە تەواوی ئەو ساڵانەدا کە پێشمەرگە لەدەرەوەی شارەکان بووە، شارەکان پشتی بەرەیەکی بەهێز بوون بۆ هێزی پێشمەرگە. تێکۆشەرانی نێو شارەکان بەناردنی هەواڵ و زانیاری، ئیمکاناتی ماددی و... هتد، ڕۆڵێکی گرنگیان لە هاوکاری و ڕێنوێنیکردنی خەباتگێڕانی دەرەوەی شاردا هەبووە.
کاتێک تاران داوای ئاگربەستی کرد، ئێوە وەک کادرێکی مەیدانی متمانەتان بە نیازی ئاشتیی ڕێژیم هەبوو یان وەک پشوویەک بۆ خۆڕێکخستنەوە لێتان دەڕوانی؟
ڕێژیم لە یەکەمین ڕۆژەکانی دامەزرانییەوە و تا ئێستاش نییەتی بەرامبەر بە کوردستان پاک نەبووە؛ لە ٤٠ـەمین ڕۆژی هاتنە سەرکاری، لە یەکەمین نەورۆز کە بە نەورۆزی ئازادی ناودێر کرابوو، شاری سنەی قارەمانی خەڵتانی خوێن کرد. لە ٣١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ شەڕی نەغەدەی خولقاند و دوای چەندان پیلانی دیکە لەکۆتاییدا شەڕی پاوەی سەپاند، کە بوو بە شەڕی سەرانسەری لە کوردستاندا. بۆیە باسکردن لە متمانەبوون بە ڕێژیم لە ئارادا نەبوو. لە سیاسەتدا هێزە کە قسەی کۆتایی دەکات؛ ئەوکات کوردستان لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، هەر بۆیە ڕێژیم درۆزنانە داوای چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کوردستانی کرد. دواتر خومەینی وتی: «من گوتوومە گەمارۆیان بدەن و لەنێویان بەرن». ئێمەش وەک هێزێک کە بڕوامان بە چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کوردستان هەبوو، وەڵامی ئەرێنیمان بە پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری خومەینی دایەوە. لە جەریانی دانیشتنەکانی وەفدی ڕێژیم و دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد ئیتر دەرکەوت کە ڕێژیم مەبەستی ئاشتی و ڕێککەوتنی نییە.
ئەگەر تەنیا یەک وانەی سیاسی یان سەربازیی ٢٦ی خەزەڵوەر بۆ ئەمڕۆی خەباتی کورد هەڵبژێرن، ئەو وانەیە چییە؟
هەڵوێستی بەرگری لە کوردستان وەک نیشتمان و گەلەکەمان، هەڵوێستێکی ئازایانە و بەرپرسانە بوو. ئێمە بەو هەڵوێستەمان پارێزگاریمان لە گەلەکەمان کرد و ڕێگامان نەدا کوردستان وێران و گەلەکەمان قەڵاچۆ بکرێ. تا کورد و مێژوو هەبێ دەبێ چیرۆکی ئەو بەرەنگارییە قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە خەتی زێڕین لە دڵی خۆیدا تۆمار بکات. ئەو وانەیە کە دەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلەکەمان لەم هەڵوێستە وەربگرین ئەوەیە: بە پشتبەستن بە هێزی گەلەکەمان و یەکهەڵوێستیی ڕیزەکانی دەکرێ لە بەرامبەر هێزێکی داپڵۆسێنەر و پڕچەکی وەک کۆماری ئیسلامی بەربەرەکانێ بکەیت و لەو خەباتەشدا هیوامان بە سەرکەوتن هەبێت.